لەنێوان چواردەی شوبات و حەڤدەی شوباتدا

ئاراس فەتاح

لەچەند رۆژی رابردودا بینیمان لە شاری ھەولێر چەند گەنجێکی کورد پەلاماری چەند گەنجێکی گەشتیاری عەرەبی شاری بەسرەی عێراقییان دا و سوکایەتیی و بێڕێزییان پێکردن. بونی ئەم بابەتە بە گفتوگۆی ناو میدیا و توڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەرپرسانی پارتییان لە ھەولێر ناچار کرد کە پارێزگاری ھەولێر، نەوزاد ھادی بھێننە سەر خەت و لە نامەیەکی رەسمییدا بە بەرواری حەڤدەی شوباتی 2018، پۆزش بۆ پارێزگاری بەسرە و ئەو گەنجانە و خێزانەکانیان بھێنێتەوە و ئەسەفی گەورەی خۆیانی نیشانبدات. پارێزگاری ھەولێر سەرکۆنەی ئەم کردە نایاساییە دەکات و بە فەوزەوییەت ناودێریدەکات و بە پرنسیپە ئەخلاقییەکانی دەسەڵات لە ھەرێمی کوردستانیش بە دوریدەزانێت. نەوزاد ھادی پەیمانی ئەوەشیان پێدەدات لەپێناوی پاراستنی کولتوری تەساموحی نیشیمانیی و پەیوەندیی پتەوی مێژویی دۆستانەی نێوان ھەولێر و کوردستانی عێراق و بەسرە، سزای توندی ئەو گێرەشێوانە بدات.

دروست پێش حەوت ساڵ، لە ھەمان رۆژی مانگی شوباتدا کە نەوزاد ھادی نامەکەی تیادەنوسێت، بینیمان چۆن چەکدارە رۆبۆتئاساکانی حیزبەکەی پارێزگاری ھەولێر بە شێوەیەکی دڕندانە خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانییان گوللەباران کرد و لەئەنجامدا دەیان گەنج و منداڵیان شەھیدو بریندار کرد. پاشان شایەتی ئەوە بوین چۆن سەدان لە کچ و کوڕی گەنج و منداڵ و پیری ئەم ھەرێمە لەناو شەقامەکانی شاری سلێمانیی و ھەولێر و شارۆچکەکانی تری ھەرێمی کوردستاندا، بەدەستی چەکدارە حیزبییەکانی پارتی و یەکێتی خەڵتانی خوێن دەکران و لە گۆڕەپانە گشتیی و قوتابخانە و زانکۆکان و تەنانەت لەناو ماڵەکانیشیاندا راودەنران و ئەشکەنجەدەدران و سوکایەتییان پێدەکرا و بەبێ بڕیاری دەدگا دەستگیردەکران و زیندانیی دەکران.

حەوت ساڵ پاش ئەم کولتورە سیاسییە ھەمەجیی و بەڵتەجییەی دەسەڵاتدارانی پارتیی و یەکێتیی دۆخەکە گەیشتە ئاستێک کە چیتر “شۆڕشگێڕەکانی شاخ“ دەبێت شەرم بکەن شانازیی درۆزنانە بەسەر ئەم نەوەیەدا بکەن و پێیان بڵێن “ئێوە بەعستان نەبینیوە“ و باس لە سەروەریی یاسا و کولتوری رێز لە مافەکانی ئینسان و پێکەوەژیانی سیاسیی بکەن. ئەم شەپۆلی سوکایەتیپێکردنە بەردەوامییەکی سیستەماتیکی ھەیە، چونکە سەر بە مۆدێلێکی تایبەتی کولتوری خۆبەموقەدەس زانییە کە کۆمەڵگای ئێمەی لە پاش راپەڕینەوە لەنێوان چەند خێزانێکی سوڵتانیی و نەوەیەکی کۆیلەکراوی بێنرخ و بێبەھا، دابەشکردوە. پارتی و یەکێتی نەک تەنھا یەک تاوانباریان سزانەدا و داوای لێبوردیان لە یەک خێزانی شەھید و بریندار و ئەشکەنجەدراوی یەک گەنجی ئەم ھەرێمە نەکرد و قەرەبوی یەک قوربانییان نەکردەوە و بچوکترین رێز و بەھایان بۆ ئینسانی ئێمە دانەنا، بەڵکو بێڕێزییەکی بەردەوام بەرامبەر بەو مێژوە پڕخەباتەی میللەتی ئێمەش دەکەن کە سەدەیەک بۆ بەھاکانی ئازادیی و یەکسانیی قوربانیی گەورەی گیانیی و ماڵیی بەخشیوە. لەمڕۆشدا کار گەیشتە ئەوەی بەناوی پاشەکەوتەوە دەست بۆ موچە و دابینکردنی بژێوی ژیانیشیان ببەن.

حیزب لە دونیای ئێمەدا تەنھا دەزگایەکی داپڵۆسێنەر نییە، بەڵکو بوە بە دەزگایەکی جڵەولەدەستچو بۆ بێحورمەتییکردنی بەردەوام بەرامبەر بە کەرامەتی ئینسانی ئێمە و تێکشکانی بەھاکانی مرۆڤبونی.

ئەم بەیاننامە پۆزشکارییەی پارێزگاری ھەولێر لەسەروبەندی یادی حەڤدەی شوباتدا تەنھا پارادۆکس و بێشەرمییەکی گەورە نییە بەرامبەر بە یادەوەریی ئینسانی ئێمە، بەڵکو ئیغتیسابکردنێکی ئەخلاقیی و سیاسیی بەرپرسانی ئەم ھەرێمەیە بەرامبەر بە کەرامەتی بریندارکراوی ئینسانی کۆمەڵگای ئێمە. دەسەڵاتداران دەتوانن مێژوی ستەم لە زیندانی یادەوەرییدا قوفڵبکەن، بەڵام ھەرگیز ناتوانن برین و ئازارەکانی رۆحی ئینسانی ئێمە لە یادەوەرییاندا بسڕنەوە.

لە نێوان خۆبەکەمزانیی و دوڕویی سیاسییدا پەتێکی باریک ھەیە کە بچڕا شتێک بەناوی “شەرمی سیاسیی“ەوە ناھێڵێتەوە. چەشنی پۆزشەکەی نەوزاد ھادی، چەشنی دانشتنەکەی وەفدەکەی ھەرێممان بیردەخاتەوە کە پێش چەند رۆژێک لە سەروبەندی کۆنفرانسی ئاساییشی موینشن لە ئەڵمانیا، بە سەرۆکایەتی نێچیر و مەسرور بارزانی لەگەڵ عەبادییدا کۆبونەوە. پرۆتۆکۆلی دیپلۆماسیی ئەو دانیشتنە ئەو راستییەمان نیشاندەدات کە سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و وەفدەکەی قبوڵی خۆبەکەمزانیی خۆیان دەکەن کە عەبادی لەدەستی راستی خۆیان ریزیان بکات و لەدەستی چەپیشدا وەفدەکەی خۆی دابنێت و خۆشی لە ناوەڕاستی ھەردوکیاندا دابنیشێت. ئەمەش مانای ئەوەیە کە تۆ نە وەکو سەرۆکی حکومەتی ھەرێم شایانی ئەوەیت لەسەر کورسییەک لە تەنیشتمەوە دابنیشێت و نە وەفدەکەی یاوەریشت شایانی ئەوەیە لەسەر مێزێک روبەڕو لەگەڵ وەفدەکەی مندا دابنیشێت.

ئەم پۆزشەی نەوزاد ھادییش لە جەوھەردا دورونزیک ھیچ پەیوەندییەکی بە کولتوری دیموکراسیی و تەساموح و یاسا سەروەرییەوە نییە، بەڵکو قاچێکی لەناو دوڕویی بێشەرمانەی سیاسییدایە لە بەھابەخشین بە کەرامەتی ئینسان لە ھەرێمی کوردستان و عێراقدا و قاچەکەی تریشی لەناو ئەو کولتوری خۆبەکەمزانییە سیاسییەدایە کە پاش ریفراندۆمەکەی بارزانی بۆیان بەجێماوە.

 

……………..

 

تێبینی: لەبەر رەچاوکردنی ئیتیکی بڵاوکردنەوەو رێز بۆ شەھیدو بریندارەکانی حەڤدەی شوبات و خانەوادەکانیان، وێنەکانیانم دانەناوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە