“رێککەوتنەکە” تورکیا نیگەران دەکات

ئەردۆغان و چاوشئۆغڵو

(سبەی):

بڵاوبونەوەى هەواڵى “رێککەوتنى یەپەگە و سوپای سوریا” لەسەر چونى چەند یەکەیەکی سوپای سوریا بۆ پاراستنى سنوری کانتۆنی عەفرین، نیگەرانى توندى تورکیاى لێکەوتوەتەوە بەشێوەیەک ئەردۆغان دەڵێت؛ لەئەگەرى رێککەوتنێکى لەو شێوەیە کاردانەوەى توندمان دەبێت و سەرۆک وەزیرانى وڵاتەکەشى ئەوە دەخاتەڕو کە روبەڕوى سوپاى سوریا دەبنەوە.

ئەمڕۆ دوشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغانى سەرۆکى تورکیا لە پەیوەندیەکى تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتن تاوتوێى دوا گۆڕانکاریەکانى دۆخى عەفرینیان کردوە و وەک سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتى ئەو وڵاتەوە رایگەیاندوە؛ ئەردۆغان ئاماژەى بەوەکردوە لە ئەگەرى رێککەوتنى نێوان رژێمى سوریا و یەپەگە بۆ گواستنەوەى چەند یەکەیەکى سوپا بۆ پارێزگارى لە عەفرین ئەوا کاردانەوەى توندیان دەبێت.

لەلایەکى دیکەوە مەولود چاوشئۆغڵوى وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتە لە کۆنگرەى هاوبەشى رۆژنامەوانیدا لەگەل هاوتا ئوردونیەکەى وتى:”ئەگەر سوپاى سوریا بۆ پاککردنەوەى ئەو ناوچانە لە یەپەگە بچێتە سنورى عەفرین ئەوا هیچ کێشەیەکان نیە، بەڵام ئەگەر بۆ بەرگرى لەوان بچێت ئەوا هیچ شتێک و هیچ کەسێک ناتوانێت ئێمە بوەستێنێت”.

ئەوە لەکاتێکدایە لە (20)ى مانگى رابردوەوە سوپاى تورکیا بە هاوکارى بەشێک لە چەکدارانى ئۆپۆزسیۆن لەشکرکێشى بۆ سنورى کانتۆنى عەفرین دەستپێکردوە بە بەرکارهێنانى هێزى ئاسمانى و وشکانى و پشتیوانى تۆپخانەکانیەوە نەیتوانیوە تائێستا پێشڕەویەکى ئەوتۆ بکات و سەرجەم هێرشەکانى لەلایەن شەڕڤانانى یەپەگە و یەپەژەوە بەرپەرچدراونەتەوە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە