“رێککەوتنێکی مەترسیداری حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیایەکی نەوتی”

(سبەی):

سەرەتا

بەپێی (ژمارە هەواڵی 0226C;) بۆرسەی لەندەن کە لە 16/1/2018 بڵاوکراوەتەوە، رێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای (گەڵف کی ستۆن پترۆلیۆم-Gulf Keystone Petroleum)ی بەریتانی واژۆ کراوە سەبارەت بە فرۆشتنی نەوت لە کێڵگەکانی نەوتی شێخان.

ئەمە دوایین رێککەوتنی مەترسیداری حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە لەگەڵ کۆمپانیای وەبەر‌هێنەر (گەڵف کی ستۆن پترۆلیۆم) واژۆی کردوە. بە پێی ڕێککەوتنەکە بۆ هەمو بەرمیلێک نەوت کە لە کێڵگەی شێخان دەردە‌هێنرێت بڕی (22) دۆلار داشکاندن دەکات بۆ کۆمپانیای وەبەرهێنەر بۆ یەک بەرمیل نەوت، بەپێی تێکرای نرخی رۆژانەی نەوتی برێنت، واتە تێکڕای نرخی نەوتی برێنت دەکرێت بە پێوەر. ئەمە سەرەڕای لە ئەستۆگرتنی تێچوی گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەی شێخانەوە بە تانکەر بۆ فیشخابور کە لەوێشەوە دەکرێتە ناو بۆری کوردستان و ڕەوانەی بەندەری جیهانی تورکی دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا تێچوی دەرهێنانی نەوتی کێڵگەکانی  شێخان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەدرێت بە کۆمپانیاکە.

کۆمپانیای (گەڵف کی ستۆن پترۆلیۆم) رۆژانە (40000) چل هەزار بەرمیل نەوت لە کێلگەکانی شێخان دەردەهینێت. ئەم رێککەوتنە لە 1/10/2017 تا 31/12/2018 کاری پێدەکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم ئەم ڕێککەوتنەی رانەگەیاندوە، تەنها کۆمپانیەکە هەواڵەکەی بۆ خاوەن پشکەکانی کۆمپانیاکە بڵاوکردۆتەوە لە بۆرسەی لەندەن.

لێرەدا گومانە گەورەکە ئەوەیە بۆچی هەواڵی ئەم رێککەوتنە گرنگە دوای (76) رۆژ  بڵاودەکرێتەوە ئەویش تەنها لەلایەن کۆمپانیاکەوە، بۆیە پێویستی بە لێكۆڵینەوەو بەدواداچونی پەرلەمانی کوردستان هەیە.

لەم راپۆرتەدا نرخی نەوتی برێنت لە مانگی کانونی دوەمی ساڵی 2018 کراوە بە پێوەر کە بەرزترین نرخی تۆمار کردەوە لە ماوەی (3)ساڵی رابوردودا.

 

 

کێڵگە نەوتیەکانی کۆمپانیای گەڵف کی ستۆن پترۆلیۆم (کێڵگەی شێخان) بەدیاریکراوی

  • تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە مانگی کانونی دوەمی ساڵی 2018 لە بازاڕەکانی جیهاندا (68) دۆلار بوە بۆ هەر بەرمیلێک.
  • کەواتە حکومەتی هەرێم بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی شێخانی لە سەر کێڵگەکە فرۆشتوە بە (46) دۆلار، چونکە بەپێی رێککەوتنەکە (22) دۆلار داشکاندن بۆ کۆمپانیاکە کراوە.

لەلایەکی دیکەوە تێچوی گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەکەوە بۆ فیشخابور بە رێگای تانکەرو لەوێشەوە بەبۆری کوردستاندا بۆ بەندەری جەیهان دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمە جگە لە پێدانی باج و تێچوی عەمبارکردنی لە خاکی تورکیادا، بەم پێیەش بۆ هەر بەرمیلێک نەوت پێویستە حکومەتی هەرێم بڕی (4) دۆلار خەرج بکات بۆ گواستنەوەکەی نەوتەکە.

  • کەواتە (68) نرخی نەوت – (22) داشکاندن – (4) تێچوی گواستنەوە = 42 دۆلار/ بەرمیل.

کرێی تێچوی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی شێخان لەسەر هەرێمی کوردستان مانگانە بڕی (15) ملێون دۆلار دەکەوێت، کە ئەم بڕە پارەیە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان  مانگانە  دەیدات بە  کۆمپانیای گەڵف  کی ستۆن پترۆلیۆم.

  • کۆمپانیاکە رۆژانە (40000) بەرمیل نەوت دەردەهێنێت.
  • کەواتە بۆ (1) مانگ = (40000) بەرمیل × (30) رۆژ = (1200000) یەک ملیۆن و دو سەد هەزار بەرمیل / مانگ
  • کەواتە تێچوی 1 بەرمیل = (15000000) ÷ (1200000) = (12.5) دۆلار کرێی تێچوی دەرهێنان بۆ هەر بەرمیلێک

دەبێت ئەوەش بڵێین بڕی (12.5) دۆلار بۆ یەک بەرمیل زۆر گەورەیە تەنها لە شوێنێکی وەک کوردستان ئەو پارەیەی  تێدەچێت.

  • کەواتە (42) – (12.5) = (29.5) دۆلار / بەرمیل

ئاشتی  هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکان  دەڵێت  نەوتی کوردستان  بە (8) دۆلار کەمتر لە نرخی نەوتی برێنت  لە بازارەکانی  جیهاندا دەفرۆشرێت.

  • کەواتە ئەو بڕە پارەیەی تا ئێرە دەمێنێتەوە بۆ یەک بەرمیل = (29.5)- (8) = (21.5) دۆلار.

ئەوەش دەزانین هەرێمی کوردستان قەرزاری کۆمپانیای نەوتی (گەڵف کی ستۆن) و کۆمپانیا کڕیارەکانی نەوتی  کوردستانە. ئەگەر بۆ هەر بەرمیلێک (2) دۆلار بڕوات بۆ دانەوەی قەرزی کۆمپانیای (گەڵف کی ستۆن پترۆلیۆم) و قەرز و رێژەی سودی قەرزی کۆمپانیا کڕیارەکانی نەوتی کوردستان (%10)وە دەست پێدەکات و دەچێت بۆ سودی(Amortizing Loan) واتە (سود لەسەر سود) کە لە دوای (36) مانگەوە دەست پێدەکات.

  • کەواتە = (21.5) – (2) = (19.5) دۆلار / بەرمیل دەمێنێتەوە
  • کەواتە کەنەوتی برێنت 68 دۆلارە لەبازاڕی جیهاندا، هەریمی کوردستان بە 19.5 دۆلار دەیفرۆشیت.
  • کێڵگەی شێخان (1200000) یەک ملێۆن دو سەد هەزار بەرمیل نەوت لە یەک مانگانەدا وەبەردەهێنێت.
  • کەواتە کۆی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ یەک مانگ لە کێڵگەی شێخان = (1200000) × (19.5) = (23400000) بیست و سێ ملیۆن و چوار سەد هەزار دۆلار بۆ یەک مانگ دەمێنێتەوە بۆ حکومەتی هەرێمـی کوردستان.

ئەگەر نرخی نەوت بەرزتر بێتەوە ئەوا ئەم ژمارەیە بەرزتر دەبێتەوەو بەپێچەوانەشەوە راستە،  بۆیە  حکومەتی هەرێمـی کوردستان ناتوانێت بەسەر گرفتەکاندا زاڵبێت، چونکە بەشی هەرە زۆری داهاتی نەوت دەڕوات بۆ کۆمپانیا وەبەرهێنەکانی نەوت، ئەویش بەهۆی خراپی جۆری گرێبەستەکان کە حکومەتی هەرێم واژۆی کردوە.

بە بڕوای ئێمە داشکاندنی (22) دۆلار لە هەر بەرمیلێک نەوت بۆ کۆمپانیای (گەڵف کی ستۆن پترۆلیۆم) لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە بەبێ بونی پاساوێکی ڕون و قەناعەتپێکەر هیچ خوێندنەوەیەکی دیکە هەڵناگرێت، جگە لە رێککەوتنی ژێربەژێر و ناڕون. چونکە تەنها پاساوی حکومەتی هەرێم قورسی جۆری نەوتەکەیە، ئەمەش پاساوێکی لاوازەو لە هیچ شوێنێکی دنیا داشکاندنی لەم جۆرە بەدی ناکرێت. لێرەدا ئەوەی جێگەی پرسیارە، ئەگەر جۆری نەوتەکە قورسە، بۆچی لەڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە دەگوازرێتەوە کە تایبەتە بە گواستنەوەی نەوتی خاو و تێکەڵ بە نەوتی سوک دەکرێت؟.

بۆیە لەم سۆنگەیەوە هیچ رێگەچارەیەک نەماوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنها دەرهێنانی مەلەفی نەوتە لەژێر دەستی بەرپرسانی (پارتی و یەکێتی) سپاردنیان بە دامەزراوەیەکی نیشتیمانی. یان ئەوەتا کێلگە نەوتیەکان رادەستی دەسەڵاتی مەرکەزی بکرێتەوە، بۆ ئەوەی جارێکی تر پێداچونەوە بە گرێبەستەکاندا بکرێتەوەو رێگە بگیرێت لە بەهەدەردانی داهات‌و سامانی هەرێمی کوردستان.

 

کێڵگەی نەوتی شێخان

ئەنجام

ئەم رێککەوتنە یەکێکە لە ڕێکەوتنە نا شەفاف‌و گەندەڵ‌و خراپەکانی تری حکومەتی هەرێم. باشترین بەڵگەش  ئەوەیە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە پەیجی فەرمی خۆیاندا بڵاویان نەکردۆتەوە.

بەڵگەیەکی تر لەکاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە بۆرسەی لە ندەندا پشکەکانی  کۆمپانیاکەی بەرز نەکردوەتەوە، چونکە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان بە هەرێـمێکی گەندەڵ ناسراوە، کۆمپانیاکانی کە کاردەکەن لە کوردستان بە گەندەڵ  دادەنرێن، چونکە وەبەرهێنەرە بیانیەکان خواستیان نیە لەسەر کڕینی پشکەکانی کۆمپانیاکە ئەگەر بەشێوەیەکی ماتماتیکی لێكی بدەینەوە دەبینی داهاتی کۆمپانیەکە زۆر زۆر زیاتر دەبێت. چونکە ڕۆژی 40000 بەرمیل نەوت دەردەهێنێتلە کێڵگەکانی شێخان. کەواتە داهاتی زیادە لە یەک رۆژدا =40000×22=880000 دۆلار.

یەک ساڵ = 365رۆژ.

داهاتی زیادە بۆ  یەک ساڵ = 365×880000=321200000 سێسەدو بیست و یەک ملێۆن  و دوسەد هەزار  دۆلار بۆ کۆمپانیەکە.

 

 

سەرچاوەکان

  1. ويكليكس يكشف تفاصيل صفقة سرية بين اقليم كردستان وانقرة .. اربيل تبيع ابار النفط لاطفاء ديونها، على الموقع الالكتروني:

http://sumer.news/ar/news/15427/%D9%88%D9%8A%D9%83%D9%84%D9%8A%D9%83%D8%B3….

  1. Shaikan Crude Oil Sales Agreement Signed, at the site:

http://www.lse.co.uk/share-regulatory-news.asp?shareprice=GKP&ArticleCode=zuox69vv&ArticleHeadline=Shaikan_Crude_Oil_Sales_Agreement_Signed

  1. Shaikan Payment Update, at the site:

http://www.lse.co.uk/share-regulatory-news.asp?shareprice=GKP&ArticleCode=drcovko4&ArticleHeadline=Shaikan_Payment_Update

  1. Kurdistan Region of Iraq, at the site:

http://www.gulfkeystone.com/operations/shaikan

  1. Iraq: Gulf Keystone Petroleum updates Shaikan Block operations, at the site:

https://www.energy-pedia.com/news/iraq/gulf-keystone-petroleum-updates-shaikan-block-operations

  1. Gulf Keystone Petroleum Plc , at the site:

https://www.fatprophets.com/Member%20Area/Product%20Landing/Report%20List/Report%20Page/Article%20Page.aspx….

 

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە