(سبەی):
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت: لە رۆژانی داهاتودا گەمارۆ دەخەنە سەر شاری عەفرین لە باکوری سوریا، ئاماژە بەوەش دەکات، دوای ئەوەی گفتوگۆیان لەگەڵ روسیا و ئێران کردوە، شکستیان بە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی سوپای سوریا هێناوە لە عەفرین.
ئەمڕۆ سێشەممە ئەردۆگان لەبەردەم پەرلەمانی تورکیا وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند؛ بەگەمارۆ خستنە سەر عەفرین، رێگری دەکەن لە گواستنەوەی چەک بۆ شەڕڤانان.
وتیشی :”لەپێشتردا پێنج هەزار ئۆتۆمۆبێل چەکی ئەمەریکییان گەیەندراوەتە دەست شەڕڤانان”.
باسی لەوەشکرد، دوای ئەوەی پەیوەندییان کردوە بە روسیا و ئێرانەوە، شکستیان بە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی رژێمی سوریا هێناوە لە باکوری عەفرین.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغلۆ رایگەیاند؛ هێزەکانی سوریا نەچونەتە عەفرینەوە و تائێستاش دیار نییە کە دەچن یاخود نا.