(سبه‌ی):
رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی رایده‌گه‌یه‌نێت، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی سست بوە له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تاوانه‌كانی دژی مرۆڤایه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و میانمار‌و سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاش تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی پێشینه‌یه‌كی مه‌ترسیداری گرتوه‌ته‌به‌ر له‌ڕێی قه‌ده‌غه‌كردنی چونه‌ناوه‌وه‌ی هاوڵاتیانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ ناو ئه‌مه‌ریكا.
له‌راپۆرتی ساڵانه‌ی خۆیدا كه تیایدا روماڵی (159) وڵات كراوه، رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی (ئه‌منیستی ئینته‌رناشناڵ) رونیكردوه‌ته‌وه كه گوتاری سه‌ركرده‌ی وڵاتان كه پڕه لە رق و كینه، كارئاسانی ده‌كات بۆ جیاكاری له‌دژی كه‌مینه‌كان.
ئاماژه به‌وه‌شكراوه، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی سست بوه له گرتنه‌به‌ری كاردانه‌وه‌ی به‌هێز له‌به‌رامبه‌ر تاوانه‌كانی دژی مرۆڤایه‌تی و تاوانی جه‌نگ له میانمار و عێراق و باشوری سودان و سوریا و یه‌مه‌ن.
هه‌ر له راپۆرته‌كه‌دا هاتوە؛ سه‌ركرده‌ی وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا و روسیا و چین سه‌ركه‌وتو نه‌بون له به‌رگریكردن له ئازادییه مه‌ده‌نییه‌كان، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی توند پشت ده‌به‌ستن به دژایه‌تیكردنی مافی ملیۆنان كه‌س.
رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكای تۆمه‌تبار کردوه به گرتنه‌به‌ری چه‌ندین هه‌نگاو به‌ره‌و دواوه له‌ئاست مافه‌كانی مرۆڤ و ئه‌وه‌ش بوه‌ته پێشینه‌یه‌كی مه‌ترسیدار.