(سبەی):
وەزارەتى پەروەردەى هەرێم رایدەگەیەنێت؛ هەفتەى ئایندە هاندانى مامۆستایان دابەش دەکرێت.
ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێم لە لاپەڕەى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک ئاگادارییەکى بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە؛ هەفتەى ئایندە، لە لایەن وەزارەتى داراییەوە هاندانى مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە دابەش دەکرێت، بێ ئەوەى ئاماژە بە رۆژى دابەشکردنەکەى بکات.
ئەوە لەکاتێکدایە بەهۆى جێبەجێنەکردنى داواکارییەکانیان و بەردەوامیدان بە سیستمى پاشەکەوتى زۆرەملێى موچەوە، مامۆستایانى زۆربەى شار و شارۆچکەکانى هەرێم بەردەوامن لە بایکۆتی هۆڵەکانى خوێندن بەشێوەیەک لە دواى کۆتاییهاتنى وەرزى یەکەمى خوێندنەوە نەچونەتە هۆڵەکانى خوێندنەوە و دەرگاى زۆربەى قوتابخانە و خوێندنگەکان داخراون.