چۆن هەمو حیزبەکان وەک یەکن؟

پێشڕەو بابەشێخ

لەسەروبەندی نزیکبونەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان، هەم بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەم بۆ پەرلەمانی کوردستان لێرەو لەوێ گوێ بیستی رستەی (هەمو حیزبەکان وەک یەکن) دەبین کە خەریکە وردە وردە جێگای خۆی لەنێو بەشێکی خەڵک دەکاتەوە. بوە بە چپەیەک و بەر گوێی هەموان دەکەوێت، خەریکە ببێت بە خاڵێک و لە کۆتایی هەمو گفتوگۆکان دابنرێت.

(هەمو حیزبەکان وەک یەکن) خەریکە ببێت بە قفڵێک و لە کۆتایی هەمو گفتوگۆیەکی تایبەت بە ژیان و گوزەرانی خراپی هاوڵاتی و بێ موچەیی و دروستکردنی قەیرانەکان و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی میلەت و بەتاڵان بردن و بڕینی قوتی خەڵک و سەروەر نەبونی یاسا و نەبونی دادی کۆمەڵایەت بدرێت.

ئەوەی لەم هەرێمە دەگوزەرێت هیچ نیە جگە لە یاریکردن بە هەست و شعوری هاوڵاتی و تاکی دەنگدەر، هیچ نیە جگە لە بەلاڕێدا بردنی کۆمەڵگا و خۆڵکردنە چاوی خەڵک، بەشاردنەوەی راستیەکان و بەشەریککردنی هەموان لە شکست و نەهامەتیەکان سوتاندنی تەڕو وشک پێکەوە و بەیەک رەنگ سەیرکردنی رەش و سپی پێکەوە.

کێن ئەوانەی سود لەم جۆرە پڕوپاگەندەیە دەبینن؟

یەکەم/ ئەو جوت حیزبەی لەوە گەیشتون بونەتە هۆی نەهامەتی بۆ خەڵک و ئێستا لەڕێگای تابوری پێنجەمەوە جەنگی دەرونی لەگەڵ دەنگدەر و هاوڵاتی دەکەن و دەیانەوێت شکستی حوکمڕانیان دابەش بکەن بەسەر خەڵک و لایەنەکانی تردا، لە کاتێکدا سەروەت و سامان و قوتی خەڵکیان تەنها لە نێو خۆیاندا دابەشکردوە و تەنانەت لە نێو خودی حیزبەکانیشیان بۆ چەند بنەماڵەیەک و چەند گروپ و چەند کەسێک بوە.

دوەم/ ئەو دو حیزبەی بەدرێژایی مێژوی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، نەیانتوانیوە بونیادنەری پایە و بناغەی حکومەتی هاوڵاتی نەک دەوڵەت و دەوڵەتداری بن، لەهەوڵدان بۆ بەیەک چاو سەیرکردنی ئەو لایەنانەی بکوژی رۆژنامەنوس و خۆپیشاندەر و کپکردنی دەنگی ئازادن لەگەڵ ئەو لایەنانەی هۆکاری دروستبونیان بۆ رێگریکردن بوە لە کوشتنی رۆژنامەنوس و خۆپیشاندەر و کپکردنی دەنگە دلێر و ئازاکان و ئازادەکان.

سێیەم/ هەمو ئەوانەی خۆشگوزەرانی و دەسەڵات و ژیانی رەفاهیەتی منداڵ و نزیکەکانیان و خوێندن و سەفەرو گەشتیان بەندە بە مانەوەی ئەم دەسەڵاتە. نەک نەهامەتی و بێ موچەیی و ژیانی کولە مەرگی و بێ کارەبایی و دانەمەزراندن و نا ئارامی و ژیان لەگەڵ دەرونێکی ناتەندروست. بەیەک چاو سەیرکردنی هەمو لایەنەکان بەردەوامبونە بۆ مانەوە لەدەسەڵاتی دەسەڵاتدارێک کە باوەڕیان بە بڕیاری دیوەخان و خێڵەکیانە هەیە نەک سەروەری یاسا و سیستەمی پەرلەمانی و بڕیاری هۆشیاریانە و شیکردنەوە و لێکدانەوەی دورمەودا.

چوارەم/ هەمویان وەک یەکن! قسەیەکی پوچە، ئەوانە خاوەنین و هاندانی بۆ دەکەن کە دەیانەوێت تەنها خۆیان فرۆشیاری نەوت بن، خۆیان واژوی  گرێبەستەکانی فرۆشتنی نەوت بکەن و داهاتەکەشی لای خۆیان و هەر بۆ خۆیان بێت. ئەوانە خاوەنی وەها پڕوپاگەندەیەکن کە دەیانەوێت دەسەڵاتی رەها لای چەند کەسێک و چەند بنەماڵەیەک بێت، خۆیان خاوەنی فڕۆکە و فڕۆکەخانەبن، خۆیان پڕۆتۆکۆلەکان دابڕێژن و خۆیان دادوەر دابنێن و خۆشیان دادگاکان بەڕێوەبەرن. خۆیان بە پلە فەرماندەیی باڵا بن و پلە بەندی سەربازی لای ئەوان بێت.

پێنجەم/ هەمو حیزبەکان وەک یەکن! رستەیەکی هیچە، جگە لە فێڵێک لە دەنگدەر بۆ وەک یەک سەیرکردن هیچی تر نیە بۆ وەک خۆ مانەوەیان لە داهێنان لە شێوازی تری بندیوار و زۆری پاسەوانی تایبەت و داهێنان لە بونیادنانی کۆشک و ڤێلای جیاوازتر و فراوانتر و گەڕان و رابواردنی زیاتر و زۆرتر. هیچی تر نیە جگە لەوەی بەناوی خوێنی شەهیدان ژمارەی پاسەوان بۆ منداڵەکانیان زیاتر بکەن. دەیانەوێت ئەمجارە و بەو شێوازە خۆیان بەراورد بکەن بەوانەی هەڵقوڵاوی ناو جەماوەرن و داهێنەرن لە کاری کادیرانە و سیاسیانەی خۆبەخشانە، نەک بە موچەی حکومی کار لە بارەگا حیزبیەکان بکەن. ئەوان دەیانەوێت بەو شێوازە زێڕو گەوهەری دەست و سینگ و بەرۆکی منداڵەکانیان لە بازاڕ و شوێنە گشتی و بۆنە کۆمەڵایەتیەکان، زڕەی ئەوەندە بێت خەڵک بە ئاگا بێتەوە لە زیاتربونی پاسەوانە تایبەتەکانی خێزانەکانیان.

شەشەم/ هەمومان وەک یەکین! چونکە پەرلەمانێک کۆماندەکاتەوە لە کاتی بودجەدا جامی پەنجەرەکانی رەشدەکەین و لەکاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بەبێ درێژکردنەوەی ماوەکەی، دەرگاکانی دادەخەین و تا ئەوکاتەی پێویستمان نەبێت کاراکردنەوەی ئەستەمەو رێگە بە یاسایەک نادەین لە بەرژەوەندیەکانی حیزب و بنەماڵە نەبێت لە پەرلەمانی خەڵکەوە دەرچێت. پەرلەمانێک ئەوەندە بێ ئەرزش بکرێت نەتوانێت لێپرسینەوە لە بڕیاربەدەستانی حکومەتێک بکات موچەی منداڵ و خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگەو کەم ئەندامی سەنگەرو خانەنشین و کەم ئەندامانی مەدەنی ببڕێت و کەمبکاتەوە. حکومەتێکی دەسەڵات بەدەست نەتوانێت موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران دابین بکات، دەسەڵاتێک نەتوانێت سەرەتاییترین پێداویستی و مافەکانی هاوڵاتی دابین بکات.

حەوتەم/ پڕوپاگەندە بۆ بەیەک چاو سەیرکردنی هەمو حیزبەکان وەک یەک خزمەت بەکەس ناکات ئەوە نەبێت دەنگدەر سارد بکاتەوە لە ئومێدێک بۆ گۆڕینی دۆخەکە، خزمەت بەهیچ لایەک ناکات جگە لەو لایەنانەی ترسیان لەدەنگی دەنگدەر و ترسیان لە کاروکردەوەکانی رابردوی خۆیان هەیە. ترسێک لە بەشداریکردنی کارای هاوڵاتی و تۆڵەکردنەوە لە بری حوکمداریەکی شکستخواردوی ناشایستە بەژیانی خەڵک و دەرنەبڕینی دەنگی ناڕازی لە رێگای سندوقی دەنگدان، ترس لە تۆڵە سەندنەوەی دەنگدەر .

ئیتر دەبێت ئەوە بزانین ئەوانەی لەم جۆرە قسانە دەکەن بە بێ ئاگایی خۆمان، خزمەتی مانەوەی دەسەڵاتێکی شکستخواردو دەکەین، بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەکاردەهێنرێین بۆ درێژەدان بە بەردەوامبونی ئەم دەسەڵاتە.

ئیتر کاتی ئەوە هاتوە رەش و سپی لێک جیابکرێتەوە و لە نیەت و مەرامەکانیش تێبگەین، لەهەر پڕوپاگەندەیەک نەبین بە هاوبەش و لەدواجاردا ببین بە هاوبەش لە شکستی دەسەڵاتێکی هیچ لەبارا نەبو.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە