داوا لە ئینتەرپوڵ دەکرێت نەجمەدین کەریم دەستگیربکات

(سبەی):

پەرلەمانتارێکی تورکمانی عێراق داوا لە پۆلیسی نێودەوڵەتی و حکومەتی ئەمەریکا دەکات، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری لەسەرکارلادراوی کەرکوک رادەستی بەغدا بکاتەوە کە تۆمەتبارە بە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی.

جاسم محەمەد بەیاتی، پەرلەمانتاری عێراق و ئەمینداری گشتی یەکێتی ئیسلامی تورکمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا داوای لە پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپوڵ) و حکومەتی ئەمەریکا کرد کە نەجمەدین کەریم، پارێزگاری لەسەر کارلادراوی کەرکوک بگەڕێننەوە و رادەستی حکومەتی عێراق بکەن، بەهۆی ئەوەی تۆمەتبارە بە “دزی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و پارە و داهاتی کەسانی هەژار و کەمدەرامەتی پارێزگای کەرکوک” و داوای لەدەستی دەستپاکی عێراق کرد دۆسیەیەکی تایبەت بە نەجمەدین کەریم بکەنەوە.

بەیاتی ئاماژەی بەوەشکردوە؛ کە بەپێی بەدواداچون و لێدوانی ژمارەیەک پەرلەمانتاری بەغدا و کوردستان، بڕی (60) ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی لە پارەی داهاتی نەوتی کەرکوک دیارنییە و پارێزگاری لەکارلادراوی کەرکوک بەرپرسە لە دیار نەمانی ئەو پارەیە کە دەوترێت خراوەتە سەر ئەژماری تایبەتی بانکی خۆی.

ئەو لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممە؛ عەلى حەمە ساڵح، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ لەماوەى (12) مانگى ساڵى (2016) و شەش مانگى یەکەمى (2017) لەسەر پارەى پترۆ دۆلار بڕى (182) ملیۆن دۆلار دراوەتە کەرکوک، بەڵام بڕى (60) ملیۆن دۆلارى ئەو پارەیە دیار نییە کە چى لێهاتوە، چونکە چوەتە سەر حسابى نەجمەدین کەریم پارێزگارى ئەوکاتى کەرکوک لە بانکى کوردستان.

هاوکات هەر ئەمڕۆ شەممە، ئاڵا تاڵەبانی پەرلەمانتار و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئاشکرای کرد؛ نەجمەدین کەریم بڕی (62) ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی لە داهاتی نەوتی کەرکوک بردوە و کە مافی خەڵکی کەرکوکە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە