ئەگەر دەنگنەدەم چی و ئەگەر دەنگ بدەم چی؟

وریا فەتاح

ــ پارتی و یەکێتی لەو هەڵبژاردنانەی دێنە پێشەوە گرەویان لەسەر ئەوەیە کەمترین خەڵک بەشداربێت لە پرۆسەی هەڵبژاردن، چونکە ئەوان دەزانن تا پرۆسەی هەڵبژاردن و بەدەمەوەچونی زیاتر بێت باڵانسی دەنگی ئەوان کەم دەکات.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوشدا بە بەرنامەیەکی زیرەکانە ئیشیان لەسەر ئەوە کردوە خەڵک بێ ئومێد بکەن و ساردی بکەنەوە لە دەنگدان، پیشاندانی ئەو وێنانەی یەک کورسی یەکسانە بە سەد کورسی و تەزویرکردنی دەنگ و بێ بەهاکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، تەنها بە ئامانجی ئەوەیە خەڵک نەچێتە سەر سندوقی دەنگدان، چونکە پارتی و یەکێتی کۆمەڵێک دەنگی کۆنکرێتیان هەیە و لە دونیای سیاسی ئێمەدا هەرشتێ روبدات بێ بیرکردنەوە ئەوان دەچنە سەرسندوقەکانی دەنگدان و دەنگ دەدەنەوە بەم دو هێزە.

بەم نمونەیە دەمەوێت ئەمە رون بکەمەوە بۆ هەمو ئەوانەی نەفرەت لە هەڵبژاردن دەکەن و ناچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لە هەمان کاتیشدا نارازین لە دەسەڵاتە.

بۆ نمونە پارێزگای هەولێر بۆ هەڵبژاردنەکانی ئایاری عێراق (15) کورسی بەرکەوتوە، تۆی ناڕازی ناچی بۆ دەنگدان بەبێ ئەوەی خۆت بزانی نەچونت خزمەتە بەم دەسەڵاتەو ئەگەر بزانن نەچویت رەنگە خەڵاتی رێزلێنانیشت بدەنێ، چونکە ئەم دو هێزە گرەو لەسەر ئەوە دەکەن تۆی ناڕازی نەچیتە سەرسندوق.

نەچونت هیچ لەوە کەم ناکاتەوە ئەو (15) کورسیەی بۆ هەولێر و ئەو (15) کورسیەی بۆ سلێمانی دانراوە هەر بەم شێوەیەیە. کەواتە ئەگەر دەتەوێت یەکێتی و پارتی زۆرترینی ئەم کورسیانە ببەن مەچۆ بۆ دەنگدان و بەشداری مەکە!

ـ ئێستا پرسیارێک لە مێشکتدایە ئەی ئەگەر بچم ئەم دەسەڵاتە دەگۆڕدرێ؟

رەنگە ئەگەر هەمو دەنگە ناڕازییەکان لە چوارچێوەی ئەو هێزانەی دژی دەسەڵاتن خۆیان دیسپلین بکەن و بە دەنگەکانیان سزایەکی گەورەی دەسەڵات بدەن ئەگەرێکی زۆرە دەسەڵات بخەن، لە حاڵێکدا ئەمەش مەیسەر نەبو تۆ بەو دەنگە نارازییەت کە لە دژی دەسەڵات دەیدەیت بەشێکی دیواری ئەو دەسەڵاتە لەق بکەیت ئەمەش هەنگاوێکی گەورەیە بۆ لاوازکردنی ئەو دەسەڵاتەی سێ چارەکە سەدەیە لەو گۆڕەپانە گەمە بە کەرامەتی خەڵک دەکات و رەگی داکوتاوە، هەرگیزیش بەو نیازو ئومێدەوە مەچۆ سەر سندوق کە دوای هەڵبژاردن کۆتایی بەم دەسەڵاتە دێت، چونکە ئەم دەسەڵاتە ماوەیەکی زۆر بەنەخۆشی دەژی و بەردەوامی و نەفەس درێژی ئێمە لە سزادانی هەناسەی لێ دەبڕێت و دەیکوژێت.

لە بژاردەی یەکەمیاندا تۆی ناڕازی کە ناچیت بۆ دەنگدان و دەنگ دژی ئەم دەسەڵاتە نادەیت، هیچ جیاوازیت نیە لەگەڵ ئەو کەسەی جاسوسی بەسەر من و تۆوە دەکات و لە قوت و بژێوی ئێمە دەخوات.

بژاردەی دوەم لە خراپترین حاڵەتدا جیات دەکاتەوە لەو کەسانەی هۆکاری مانەوەی ئەو دەسەڵاتەن.

ــ لێرەدا شتێکی تر سەرهەڵدەدات منی ناڕازی بۆ ئەوەی جیابکرێمەوە لەو کەسانەی خزمەتکار و هۆکاری مانەوەی ئەو دەسەڵاتەن، دەچم بۆ دەنگدان، چونکە بایکۆت و سوتاندنی دەنگ لە کۆتایدا خزمەت بە دەسەڵات دەکات.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە