مردنی گشتی

عەبدوڵای مەلا نوری

ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێ جگە لە مردنی گشتی هیچی تر نیە.

دیوێکی مردنی گشتی ئەوەیە: شتێک نەماوە بە ناوی حکومەتەوە، حکومەتێک نەیتوانیوەو ناتوانێ وەک پێویست کارەباو ئاو و سوتەمەنی دابین بکات، ناتوانێ موچەو کار دەستەبەر بکات، ناتوانێ ئەمنیەتی ناوخۆو سنورەکان بپارێزێت.

حکومەت نزیکەی نیوەی وەزیرەکانی ئیستقالەی کردوە، لە سەدا هەزار لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی شکستی هێناوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق هیچ حیسابێکی بۆ ناکەن.

مەهامی سەرەکی حکومەت لە ئێستادا بریتیە لە سەرکوتکردن و رێگری لە ناڕەزایەتی جدی، پاساوانی دزی و بەرژەوەندی کۆمپانیاکانی نەوت و غازو جگەرەو دەرمانی سەر بە حیزب. ئەرکێکی تری حکومەت روتاندنەوەی خەڵکە لە رێگەی باج و گومرک و غەرامەوە.

ئەرکێکی تری حکومەت ئەوەیە هەردو حیزبی دەسەڵاتدارو کۆمەڵێک سیاسی گەندەڵ و فاشل وەک عینوانێک بە کاری دەهێنن بۆ مانەوەی خۆیان لە هاوکێشەکاندا.

دیوێکی تری ئەو مردنە ئەوەیە: شتێک نەماوە بە ناوی پەرلەمانەوە، پەرلەمانێک دو ساڵ داخرابێت، پەرلەمانێک تەمەنی درێژ کراوە بێت، بۆ یەک جاریش بودجەی پەسەند نەکردبێت، نەتوانێ لێپرسینەوە لە هیچ دۆسیەو کەسێک بکات، هیچ کاریگەریەکی لە سەر روداوەکان نەبێت، هەمو ژیانی خەڵک و حکومڕانی قەیران بێت، مامۆستا لە سەر جادەو دەرگای قوتابخانەکان داخرابن کەچێ هیچی پێ نەکرێت، ئەمە پەرلەمان نیە.

دیوە گەورەکەی مردنی گشتی ئەوەیە، حیزبەکان و میدیاکان، رێکخراوەکان، چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە ئاست مردنی حکومەت و پەرلەمان، لە ئاست شکستی سیاسەت و حکومڕانی، لە ئاست فاشلترین و تاوانبارترین گروپی سیاسی، یان بۆڵەبۆڵ دەکەن یان بێ دەنگن!

هیچ کات بە قەدەر ئێستا هەرێم لە قەیراندا نەبوە، کەچی هیچ کات بە قەدەر ئێستا بێ دەنگی نیە، دۆخی ئێستا مردنی گشتیە…

ئەمە مردنێکی مەترسیدارە دەسەڵات لە گەڵ خۆیدا هەمو جوڵەو پرۆژەکانی تریشی بێ جوڵەو بێ کاریگەر کردوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە