(سبەی) وردەکاری دادگاییکردن و ئازادکردنی موسلیم بڵاودەکاتەوە

(سبەی):

دوای (72) سەعات لە دەستبەسەرکردنی، ئەمڕۆ سێشەممە دادگای چیک بڕیاریدا بە ئازادکردنی ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پێشوی (پەیەدە)، تورکیاش دەڵێت ئەو بڕیارە کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەنکەرە و پراگ دەبێت.

پراگ گورزێکی بەهێز لە ئەنکەرە دەدات

سەربارەی پێداگری تورکیا لەسەر رادەستکردنەوەی ساڵح موسلیم، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتی (تەڤدەم) و هاوسەرۆکی پێشوی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)، بەڵام پاش وتە وەرگرتنى دادگاى چیک بڕیارى ئازادکردنى دا.

میرۆسلاڤ کرۆتینا، پارێزەرەکەی ساڵح موسلیم بە رۆژنامەنوسانی وت ” دادگا بڕیاریدا بە ئازادکردنی ساڵح موسلیم و جگە لەوەش بریکارەکەی پابەندی رێکارە یاساییەکانی دادگا دەبێت”.

تورکیا: بڕیارەکەی چیک پشتیوانی تیرۆرە

لە نوێترین کاردانەوەشدا حکومەتی تورکیا نیگەرانی و بێهیوایی خۆی لە بڕیارەکەی دادگای چیک پیشاندا و رایگەیاند؛ ئەو بڕارەی دادگا کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات دەبێت.

بەکر بوزداغ، جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا و وتەبێژی حکومەتی ئەو وڵاتە رایگەیاند؛ بڕیارەکەی دادگای چیک بۆ ئازادکردنی ساڵح موسلیم، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و پشتیوانیکردنی تیرۆرە”.

رونیکردەوە، ئەو هەنگاوەی چیک کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی هەردو وڵات دەبێت. هاوکات ئەحمەد بیگالی، پاڵیۆزی تورکیا لە چیک رایگەیاند؛ بڕیارەکەی دادگا چاوەڕوان نەکراو بو.

دادگای چیک: تانە لە بڕیارەکە نادرێتەوە

هەرچەندە پێش بەڕێوەچونی دادگاییکردنی ساڵح موسلیم، بیناڵی یەڵدرمی سەرۆک وەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوەکردبو ئەوە تاقیکردنەوەیەکە بۆ چیک و هاوپەیمانانی تورکیا لە ناتۆ، بەڵام پراگ بە ئازادکردنی موسلیم وەڵامی تورکیای دایەوە.

مارکیتا بوچی، وتەبێژی دادگای پراگ رایگەیاند؛ بڕیارەکەی دادگا جێبەجێکراوە و ساڵح موسلیم ئازادکردوە و تانەش لە بڕیارەکە نادرێت”.

رۆژى شەممە ساڵح موسلیم لەسەر داوای بەرپرسانی حکومەتی تورکیا و پۆلیسى ئەو وڵاتە لە ئینتەرپوڵ لە پراگى پایتەختى چیک دەستبەسەرکرا و ئەو وڵاتە داواى لە بەرپرسانى چیک کرد رادەستى بکەن ئەوەش نیگەرانى و کاردانەوەى لێکەوتەوە، ئەمڕۆش دواى ئەوەى لە دۆخێکی ئەمنی تایبەتدا بە کەلپچەکراوی بەرایە بەردەم دادگا لە پراگ-ی پایتەختی ئەو وڵاتە دواتر بڕیارى ئازادکردنى درا.

تورکیا لە (13)ی ئەم مانگەدا سالح موسلیمی خستبوە لیستی تیرۆر لە وڵاتەکەی و بڕی یەک ملیۆن دۆلاری خەڵات بۆ دەستگیرکرنی دانابو لە کاتێکدا موسلیم پێشتر بەشدارییی چەندین کۆڕ و کۆبونەوەی سیاسیی کردبو لە تورکیا سەبارەت بە دۆخی سوریا.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە