دەقى راگەیەندراوى فراکسیۆنى گۆڕان

(سبەی):

ئەمڕۆ چوارشەممە فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان راگەیەنراوێکى لەبارەى هەڵوێست و هەوڵەکانى ئەندامانى فراکسیۆنەکە بە پێشنیار و پرۆژە و گفتوگۆکانیان لەسەر پرۆژەى چاکسازى لە خانەنشینى بۆ راى گشتى بڵاوکردەوە.و

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

سەبارەت بە موچە و خانەنشینی

راگەیاندراوێك لە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان

هاونیشتیمانیانی بەڕێز، كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان، پێشمەرگە قارەمانەكان، خانەنشینان، فەرمانبەران و سەرجەم موچەخۆران.
لەماوەی نۆ ساڵی رابردودا چەندین پرۆژەمان پێشكەشكردوە بۆ پێداچونەوە بەسیستمی موچەو نەهێشتنی گەندەڵی و چەسپاندنی دادی كۆمەڵایەتی.
دوایەمین دو پرۆژە، كە لەم خولەی پەرلەمان پێشكەشمان كرد. نەهێشتنی خانەنشینی پەرلەمانتار و جێبەجێكردنی یاسایی خانەنشینی یەكگرتوی عێراقە.
دوای ئەوەی حكومەتی شكشتخواردو، پرۆژەیەكی پێشكەش بە پەرلەمانكرد بەناوی (چاكسازی لە خانەنشین و دەرماڵەو بەخشینەكان) نوێنەرانی ئێمە لەماوەی مانگێكدا لەسەرجەم لیژنەكان كاریانكرد بۆ جێگیكردنی دادی كۆمەڵایەتی، توانیمان بەشێكی خواستەكانمان جێگیربكەین، بەڵام بەداخەوە لە بەشێكی گرنگی وەك خانەنشینیدا گوێمان لێنەگیرا.

ئەو بابەتانەی پرۆژەی ئێمەبو، دەنگی پێویستی نەهێنا:
یەك: لە لیژنەكانی پەرلەمان و هۆڵی پەرلەماندا (25) جار جەختمانكردوەتەوە لەسەر جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتوی عێراق.
بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتوی عێراق سەرجەم پلە تایبەتەكانیش وەك فەرمانبەرانن بۆ خانەنشینبون، بەلای كەم خانەنشین دەبێت تەمەنیان (50) ساڵ بێت و (15) ساڵ خزمەتیان هەبێت.
بەم پرۆژە، موچەی هیچ خانەنشینێك لە (400) هەزار كەمتر نەدەبو.
بەداخەوە، هەرچەندە بە دۆكیۆمێنت سەلماندمان كە دەتواندرێت ئەم پرۆژە جێبەجێبكرێت و دادی كۆمەڵایەتی بچەسپێت، بەڵام دەسەڵات و زۆرینە گوێی لە پێشنیارو پرۆژەكەمان نەگرت.
لە ئایندەشدا بەردەوام دەبین و چەندین جاری دیكەو بەپرۆژە داوای جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتوی عێراق دەكەین.
ئەو رێژەیەشی لە پەرلەمان پەسەندكرا بۆ خانەنشینی پلە تایبەتەكان بە تایبەت پەرلەمانتاران، ئێمە دەنگمان بۆ نەداو بە (52) دەنگی بەڵی بەرامبەر بە (37) دەنگی دژ پەسەندكرا.
دو: ئێمە جەختمان كردەوە نابێت موچەی هیچ خانەنشینێك لە (400) هەزار دینار كەمتر بێت، ئەم پێشنیارە بڕێكی كەم پارەی دەویست بەرامبەر ئەو گەندەڵیە زۆرەی لە كوردستاندا هەیە، بەڵام رەتكرایەوەو لەبەرامبەردا (300) هەزار دینار جێگیكرا.
سێ‌: پرۆژەمان ئامادەكردو پێداگیریمان كرد لە سەر ئەوەی كە ژمارەی پاسەوانی بەرپرسەكان لە كوردستاندا دەبێت بە یاسا رێكبخرێت و بەشێوەیەكی بەرچاو كەمبكرێتەوە، بەم پرۆژە دەیان هەزار پاسەوانی نایاسایی لە بەرپرسەكان دەبڕدرا، بەڵام پێشنیارەكەمان رەتكرایەوە، وتیان: بەپێڕەوێك رێكدەخرێتەوە بە هاوكاری لیژنە پەیوەندیدارەكان، هەوڵدەدەین هەمان پرۆژە لە پێڕەوەكەدا جێگیر بكەین.

ئەو خاڵانەی كە بەویستی ئێمە جێگیركرا:
1-هەمو ئەو كەسانەی بەنایاسایی خانەنشینكراون بە پلەی باڵاو پلەی سەربازی و ئیداری، بەبێ‌ ساڵی خزمەت و بەشێوەی نایاسایی، دەخرێنەوە باری یاسایی.
2- بەهیچ شێوەیەك موچەی خانەنشین و خاوەنپێداویستی تایبەت و پێشمەرگەو هێزەكانی ناوخۆو هیچ فەرمانبەرێك نابڕدرێت و كەمناكرێتەوە، هەر دەرماڵەیەك پیشتر لە دەرەوەی یاسا درابێت، بەهیچ شێوەیەك نابێت لەو موچەی ئێستا ببڕدرێت كە فەرمانبەران وەریدەگرن.
3- هەمو ئەوانەی بە نایاسایی ساڵی خزمەتیان بۆ ئەژماركراوەو پلەیان بەرزكراوەتەوە دەگەڕێندرێنە سەر بارە یاساییەكەی.
4- یەكخستنەوەی موچەی كەس وكاری شەهیدان و نەهێشتنی ئەو جیاوازییەی كەهەیە.
5- پاككردنەوەی لیستی شەهیدان و خانەنشینان و كەمئەندامانی سەنگەرو زیندانیانی سیاسی و خاوەنپێداویستی تایبەت لە خەڵكی ناشایستە.
6-سەرجەم ئەو پارانەی فەرمانبەران كە حكومەتی هەرێم وەك پاشكەوت لێی بڕیون، دەخرێتە ژمارە حسابێكی تایبەت بۆ هەر فەرمانبەرێك، دواتریش فەرمانبەران بتوانن بۆ دانەوەی قەرزەكانیان بیدەنەوە، بەپێی رێنماییەك بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان رێكدەكرێت.
7- یەكخستنەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی خانەنشین.
8- سەرجەم ئەو پارانەی بەهۆی ئەم پرۆژەوە بەدەستدێت، بەكاردەهێندرێتەوە بۆ پێداچونەوەی موچەی موچەخۆران.

فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان
28/2/2018

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە