کونسوڵی چیک لە هەرێم: سەرباری فشارەکانی تورکیا دادگا موسلیمی ئازادکرد

کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانتاران و نوێنەری پەیەدە لەگەڵ کونسوڵی کۆماری چیک

(سبەی):

کونسوڵی چیک لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت؛ سەرباری فشارەکانی تورکیا، دادگای وڵاتەکەیان بڕیاری ئازادکردنی ساڵح موسلیمی داوە، دەشڵێت: چیک بڕوای بە سەربەخۆیی دادگاکان هەیە.

د. شێرکۆ حەمەئەمین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان بە (سبەی) راگەیاند؛ ئەمڕۆ لەگەڵ نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە هەرێم، سەردانی کونسوڵخانەی چیکمان کرد و لەگەڵ میخال سفوبۆدا کونسوڵى گشتى ئەو وڵاتە لە هەرێم کۆبوینەوە.

وتیشی: سەردانەکە لەسەر داوای کونسوڵی چیک بوە و لەبارەی هەوڵەکانی چەند رۆژی رابردومان بو لەبارەی ئازادکردنی ساڵح موسلیم-ەوە.

بەوتەی د. شێرکۆ حەمەئەمین لە کۆبونەوەکەدا کونسوڵی چیک وتویەتی “لەروانگەی بڕوابونمان بەسەربەخۆیی دادگا و بنەما دیموکراتییەکان، هەروەها سەرباری فشاری تورکیا بەڵام دادگای چیک بڕیاری ئازادکردنی ساڵح موسلیمی دا”.

هەروەها کونسوڵی چیک ئەوەشی وت:دەزانین ئەو هەنگاوە کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانمان دەبێت لەگەڵ تورکیا، بەڵام دەبێت دادگاکان سەربەخۆ بێت و وەکو کۆماری چیک بەشێکن لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و ساڵح موسلیمیش لە جەنگی دژ بە داعش لە رۆژئاوای کوردستان رۆڵیان هەبوە”.

رۆژی (26)ی ئەم مانگە هەریەکە لە پەرلەمانتاران، د.شێرکۆ حەمەئەمین و عزەت سابیر لەگەڵ سلێمان عارەب، نوێنەری (پەیەدە) لە هەرێم سەردانی کونسوڵخانەی کۆماری چیکیان لە هەرێم کرد و پەیام و ناڕەزایی باشور و رۆژئاوای کوردستانیان پێ گەیاند لەبارەی عەفرین و گرتنی ساڵح موسلیم و لێکەوتە خراپەکانی ئەو کارەکە لەبەرامبەردا کونسوڵی چیک بەڵێنی دا بە فەرمی ناڕەزایەتییەکان بگەیەنێتە حکومەتی وڵاتەکەی و وەڵامی پەرلەمانتارانیش بداتەوە.

 

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە