ژەهری دوپشک چارەسەرە

(سبەی):

دوای ئەنجامدانی چەندین توێژینەوەی زانستی، زانایانی ئەمەریکی گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە ژەهری دوپشک چارەسەرێکی سەرکەوتوە بۆ هەوکردنی جومگەکان.

زانایانی کۆلێژی بایلۆری ئەمەریکی ئاشکرایان کرد؛ پێکهاتەیەکی کیمیایی لە ژەهری کوشندە و کۆتایی کلکی دوپشکدایە (چزوەکەی) کە توانای نەهێشتن و کەمکردنەوەی ئازاری هەوکردنی جومگەکانی هەیە، بەبێئەوەی هیچ کاریگەرییەکی لاوەکی هەبێت.

ئەو دۆزینەوە نوێیە، ئومێدێکی زۆر بۆ ئەو کەسانە دەگەڕێنێتەوە کە پێشتر هەراسان ببون بەدەست ئازاری جومگە و ئێسەکەکانیانەوە، بەتایبەتی لە ئەژنۆ و مەچەک و جومگەکانی پەنچەیاندا.

کریستین بیتون، ژنە پرۆفیسۆری بواری فیزیایی لە کۆلێژی بایلۆری پزیشکی لە شاری هۆستنی ئەمەریکا، رایگەیاند: هەوکردنی جومگەی رۆماتۆیدی، یەکێکە لەو نەخۆشییانەی کە پەیوەندی بەبەرگری جەستەوە هەیە و بەهۆی کەمبونەوەی بەرگرییەوە دروست دەبێت و جومگە توانای جوڵەی نامێنێت.

وتیشی :”دوای چەندین توێژینەوە گەیشتینە ئەو دەرەنجامەی کە مادەی (iberiotoxin) کە بەشێکە لە دەیان پێکهاتەی ناو ژەهری دوپشک، کاریگەر و چارەسەرە بۆ هەوکردنی جومگەکان و لایەنی کەم پەرەسەندنی نەخۆشییەکە دەوستێنێت و ئازارەکانی کەمدەکاتەوە”.

ئاماژەی بەوەکرد؛ بەکارهێنانی تەواوی ژەهری دوپشک زۆر مەترسیدارە، بەڵکو دەبێت لە تاقیگەی تایبەتیدا تەنها ئەو بەشەی لێ جیابکرێتەوە کە چارەسەر بۆ ئەو جۆرە نەخۆشییە، کە تائێستا نەتوانراوە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ بدۆزرێتەوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە