(سبەی):
شەش پرۆژەى خزمەتگوزاریى بە بەهاى (450) لەسەر بودجەی یەکێتی ئەوروپا بە هاوکاری حکومەتی ئەڵمانیاو رێکخراوی (GIZ) لە سنورى سلێمانى ئەنجام دەدرێن و پارێزگار رایدەگەیەنێت؛ لە ئەمڕۆوە دەچنە بوارى جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە پارێزگارى سلێمانى و نوێنەرانی پڕۆگرامی تواناى هەرێمیی، واژۆیان لەسەر ئەنجامدانى شەش پرۆژەی خزمەتگوزاریی کرد و دواتر ھەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند؛ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە لە چوارچێوەی ھاوکارییەکانی یەکێتی ئەوروپایە بۆ شارەکانی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەکان لە ئەمڕۆوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە کە لە سێکتەرەکانی ئاو و کارەبا و تەندروستی دەبن.
هەروەک رونیکردەوە؛ پڕۆژەکان راکێشانی سێ ڤیدەری کارەبا و دانانی محاویلە لە سلێمانی، دروستکردنی بیری قوڵ و ژوری ئامێری موزەخانە لە دەڤەری راپەرین، پەرەپێدان و رەخساندنی کەشێکی باش بۆ سەنتەری گەشەپێدانی منداڵان و سەنتەری ھەماھەنگی فریاگوزاری (١٢٢) بۆ فریاکەوتنی خێرا بۆ نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی ، نۆژەنکردنەوەی ھێڵی ئاو لە بەڕێوەبەڕایەتی گشتی سلێمانی و راکێشانی سیستمی ئاوەڕۆ لە بەڕێوەبەڕایەتی گشتی شارەوانییەکانن.
وتیشى:”ئەمە تەواوکەری ئەو پڕۆژانەیە کە یەکێتی ئەوروپا لە ڤەیسی یەکەمدا سێ پڕۆژەی دیکەى جێبەجێ کرد، لەو سەردانەی ئێمەش بۆ یەکێتی ئەوروپا و بەلجیکا لە ھەفتەی رابردو بەڵێنی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانەیان دا، پێشتریش رێکخراوی ( NDP) بەڵینیانداوە کە پڕۆژەکانى نۆژەنکردنەوەی تۆڕی کارەبای ناو شاری سلێمانی، دروستکردنی دو تانکی ئاو و راکێشانی تۆڕی ئاو بۆ گوندی (١٢٠)، راکێشانی تۆری ئاو بۆ گوندی کەنە سورە، پاککردنەوەی ئاوەڕۆى تۆڕی باراناوی ئاوەڕۆی سلێمانی ئەنجام بدەن”.