ترەمپ و مێرکڵ و ماکرۆن: ئاگربەست سەرانسەری سوریا دەگرێتەوە

ترەمپ و مێرکڵ و ماکرۆن

(سبەی):

دۆناڵد ترەمپ، لە دو پەیوەندی تەلەفۆنی جیاوازدا لەگەڵ ئیمانوێڵ ماکرۆن و ئەنگێلا مێرکڵ، جەخت دەکاتەوە کە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئاگربەست تەواوی خاکی سوریا دەگرێتەوە.

کۆشکی سەرۆکایەتی فەرەنسا (ئیلیزێ) بڵاوی کردەوە؛ ئەمڕۆ هەینی سەرۆک ماکرۆن و سەرۆک ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رێککەوتون لەسەر ئەوەی کە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە سوریا تەواوی خاکی ئەو وڵاتە بگرێتەوە بەبێ جیاوازی.

ماکرۆن و ترەمپ دۆخی و سوریا و پێویستی ئاگربەستیان تاوتوێ کردوە بۆ وەستاندنی شەڕ و پێکدادان لەو وڵاتە، بەمەبەستی رێگەخۆشکردن بۆ گەیاندنی کۆمەک و هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ غۆتەی رۆژهەڵات و رزگارکردنی بریندار و قوربانییەکان.

هەردو سەرۆک بەپێویستیان زانیوە؛ روسیا ئەوپەڕی فشار بخاتە سەر رژێمی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی بۆ پابەند بون بە ئاگربەستەوە.

بەپێی بەیاننامەکەی کۆشکی سەرۆکایەتی، ماکرۆن رایگەیاندوە ئەگەر سەلمێنرا چەکی کیمیایی بۆ کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی سوریا بەکارهاتوە، وەڵامێکی بەهێزیان دەبێت بۆ بکەران ئەو کارە.

لەلایەکی دیکەوە، شتیڤن زایبێرت، وتەبێژ بەناوی راویژکاری ئەڵمانیاوە بڵاوی کردەوە؛ ئێوارەی پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی سوریا و بەپێویستیان زانیوە، بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئاگربەست بۆ ماوەی (30) رۆژ لە سەرانسەری سوریا جێبەجێبکرێت.

هەردو سەرۆک، داوایان لە رژێمی سوریا و ئێران و روسیای هاوپەیمانی کردوە بەزوترین کات پابەندی بڕیاری ژمارە (2401-2018)ی ئەنجومەنی ئاسایش بن و هێرش و پەلامارەکانیان رابگرن.

ترەمپ و مێرکل، نیگەرانی خۆیان پیشانداوە سەبارەت بە دوا لێدوانی ڤلادیمێر پۆتنی سەرۆکی روسیا سەبارەت بەپەرەپێدانی چەک و کاریگەریی خراپی لەسەر هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی دژی خۆ پڕچەککردنی وڵاتان و بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی لە جیهاندا.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە