“روسیا دەتوانێت پەلامارەکانی تورکیا رابگرێت”

(سبەی):

ساڵح موسلیم ئەوە دەخاتەڕو کە رۆژئاوای کوردستان لە رێگەی پەیوەندییەکانیەوە داوای لە مۆسکۆ کردوە رێگریی بکات لە پەلامارەکانی تورکیا بۆسەر عەفرین، بەڵام روسیا وەڵامی نەداونەتەوە.

ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتی(تەڤدەم) و هاوسەرۆکی پێشوی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) بە تەلەفزیۆنی یۆرۆنیوز-ی راگەیاندوە؛ هیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ رژێمی سوریا نییە و ئەو چەکدارانەی سەر بە رژێم کە هاتونەتە عەفرین ژمارەیان کەمە و هیچ پەیوندییەکیان بە رێککەوتنی سیاسیی رۆژئاوای کوردستانەوە نییە.

موسلیم وتویەتی: “ئاگاداری رێککەوتنەکانی نێوان ئێران و تورکیا و روسیا و سوریا نین، بەڵام دەزانین تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر گەلی کورد هەمو جۆرە رێککەوتنێک دەکاتەوە و ئەگەر سەرکەوتنی سیاسیشی بەدەست نە‌هێنا ئەوا هەوڵ دەدات لە رێگەی هێزەوە ئامانجەکەی بسەپێنێت”.

سەبارەت بە بونی سەربازی رژێمی سوریا لە کانتۆنی عەفرین، موسلیم رونی کردوەتەوە کە ئەو هێزانە یەکینەی پاراستنی سوریان و ژمارەیان زۆر کەمە و ئەمەش لە ئەنجامى رێککەوتنی سیاسیی نێوان رۆژئاوای کوردستان و رژێمدا نەبوە.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی درەوەی تەڤدەم ئاشکرای کرد کە بەهۆی پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین پەیوەندییان کردوە بە بەرپرسانی مۆسکۆوە، بەڵام تا ئێستا روسیا هیچ وەڵامێکی نەداونەتەوە لەگەڵ ئەوەشدا جەختی کردوەتەوە کە روسیا دەتوانێت ئەو پەلامارانەی تورکیا راگرێت.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە