تاڵانچێتی بەناو خانەنیشینی ئەندام پەرلەمان و پلە باڵاكان بوەستێنن

د. سەیران تەها ئەحمەد

چەند تاوانە تاڵان كردنی سامان و قوتی رۆژانەی میللەتێك بە چاكسازی و دەستكەوت و شانازی لە قەڵەم بدرێت، ناوی چاكسازی خانەنیشینی لێ بنرێت، چەند بێ ویژدانیە باس لە فەرمانبەری بن دیوار و پێشمەرگە و زێرەڤانی بن دیوار بكەن لە كاتێكدا بەبڕیار و واستە و ئیمتیازی خۆتان بە فەرمانی رەسمی دامەزراون و ئێستاش بەدیار چاوی خەڵكەوە بن دیوارەكانی حیزب دەگوێزێنەوە بۆ فەرمانگەكان و بە یاسایی دەكرێن. چۆن روتان دێت، باس لە پاككردنەوەی لیستی فەرمانبەران و چاكسازی دەكەن لە كاتێكدا چۆنتان بوێت یاساكان لە بەرژەوەندی خۆتان دادەڕێژن و هەر خۆتان دەنگی لەسەر دەدەن.

تاوانە هەزاران جار تاوانە ئەندام پەرلەمان و وەزیر و وەكیل وەزیر و پلە باڵاكانی تر خانەنیشینی بیانگرێتەوە، گەر دەتانەوێت حورمەت بۆ سیاسەت بگەڕێتەوە و رێگا لە هەڵپەی سیاسی و شەڕ بۆ كورسی پەرلەمان لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی بگیرێت، گەر دەتانەوێت بازرگانێتی سیاسەت بوەستێنن، بۆ ئەوەی تەنها شوێنی ئەو كەسانە بێت كە بەلێهاتوی كاری سیاسەت بكەن، با هەر كەسێك دێتە پەرلەمان بەهەمان موچەی شوێنی كاری پێشوی و پلەی وەزیفی و پسپۆڕی خۆی بێت لە ماوەی چوار ساڵ خزمەت بكات، وەك خۆیان وتەنی ئەوان بە ویستی خۆیان بۆ خزمەتی خەڵك هاتون، كاتێكیش بیانەوێت خانەنشین بكرێن لە دوای چوار ساڵ خزمەت كردن گەر گەیشتبێتە تەمەنی خانەنیشینی پێویستە بەپێی پسپۆڕێتی كاری پێشوی خۆی خانەنیشین بكرێت، وە یان بگەڕێتەوە هەمان شوێنی كاری پێشوی كاتێك تەمەنی یاسایی خانەنیشینی نەبێت.

خەجاڵەت بن ئەو ئەندام پەرلەمانانەی كە رۆژێك دەنگتان بە ئەنجومەنی باڵای ریفڕندۆم دا لەسایەی ملكەچ بونتان بۆ حیزب و پاراستنی پلە و ئیمتیازەكانتان كەرامەتی میللەتێك دۆڕێنرا، ئێستاش سەد ئەوەندە خەجاڵەت بن كە پرۆژەی بڕیارێکتان پەسند كرد كە تاڵانچێتی بەناو خانەنیشینی بۆ ئەندام پەرلەمان و پلە باڵاكان بەیاسایی بكرێت. لە جیاتی هەڵوەشاندنەوەی خانەنیشینی ئەو فەوجە لە ئەندام پەرلەمان و وەزیر و وەكیل وەزیرانەی كە لە دوای ١٩٩٢ بون بەبار بەسەر كۆڵی میللەتێكەوە جگە لەوەی كە زۆربەیان خاوەنی یەك و دو موچەی ترن، سەرەڕای ئەوە زۆربەی ئەو بەڕێزانە پاڵەوانانی شەڕی ناوخۆن و دەستیان هەیە لە تاڵان كردنی سەروەت و سامانی میللەتێك، ئێستا زۆربەی زۆریان خاوەنی كۆمپانیا و وەبەرهێنانن لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات یان راوێژكاری باڵا یاخود  لە رێكخراوی نێودەوڵەتی یان نوێنەراتیەكان كار دەكەن.

لەجیاتی دادگایی كردن و بەرپرسیارێتی كردنی یەكە بەیەكەی بەرپرسەكانیئەم هەرێمە لەسەر پرسی خیانەتی نیشتیمانی و دۆڕاندنی زیاتر لە نیوەی خاكی كوردستان و پرسی گەندەڵی و دزینی سامانی میللەتێك و کارەساتی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان، كەچی ئەندام پەرلەمانەكانمان رێكەوتنی ژێر بەژێر لەگەڵ حكومەت دەكەن و جارێ موچەی خانەنشینی بۆ خۆیان مسۆگەر دەكەن؟ لەجیاتی ئەوەی دەستان بردایە بۆ حسابە شاراوە بانكیەكانی دەرەوە و پارەی نەوتی دزراوی میللەتێك، كەچی شەرعیەتیاندا بە تاڵان كردنی میللەتێك، بۆ دەبێت پارەی پاسەوانانی سیاسیە دۆڕاوەكان و بارەگای حیزبەكان  بخرێتە سەر ئەستۆی میللەتێك، لە كێ دەترسن لە كێ خۆیان دەپارێزن، با لە گیرفانی خۆیان و لە سامانی كەڵەبوی چەندین ساڵە پارەی پاسەوانانی تایبەتی خۆیان بدەن. هەرچیەك دەكەن چۆن كار دەكەن تەنها باس لە شانازی و دەستكەوت مەكەن، واز لە خزمەت كردنی میللەتێك بهێنن، كە سبەینێ هەمو ئەمانەی لەبیر دەچێت و شەڕە پەڕۆتان بۆ دەكات و هێشتا لە خەفڵەتی خەودایە لە دورەوە بە بێ دەنگی لە نەهامەتی و تاوانی سیاسیەكان دەڕوانێت.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە