گرتە ڤیدیۆییەكه‌ی هەولێر کاردانەوەی رێکخراوەکانی لێکەوتەوە

(سبەی):

بڵاوبونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەسەر دیاردەی لەشفرۆشی کاردانەوەی ژمارەیەک لە چالاکوان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لێدەکەوێتەوە و حکومەت و دەسەڵاتی هەرێم بە هۆکاری ئەو بێڕێزییانە دەزانرێت کە بە مرۆڤ و بەتایبەت ژن دەکرێت.

نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەهۆی بڵاوبونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕه‌زایەتی پیشان دەدەن و لە بەیاننامەیەکدا بە ناوی ژمارەیەک رێکخراو داوا دەکەن تۆمەتباران و هۆکاری بڵاوبونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە بدرێنە داداگا و ئاسایش و پۆلیسیش ریگری بکەن لە بڵاوبونەوەی ئەو جۆرە گرتە ڤیدیۆییانە.

ئەو رێکخراوانە ئاماژە بەوە دەکەن کە حکومەت و دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان هۆکارێکن بۆ بێڕێزی بە مرۆڤ و بێباکیی حکومەت بەرامبەر بە جیاوازیی کەلتوری و رەگەزی لە نێوان ژنان و پیاواندا، هۆکاریکی دیکەی دوباربونەوەی ئەو تاوانانەیە کە بەرامبەر مرۆڤ دەکرێن.

رێكخراوه‌كان داواشیان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردوە کە حکومەتی هەرێم لە رێگەی کەسانی پسپۆڕ و شارەزاوە ئەو گرتە ڤیدیۆییە بسڕنەوە و رێگە نەدرێت مامەڵەی لەو شێوەیە لەگەڵ ژنان و کچانی کوردستان بکەن و چیتر پێشێلکاریی بەرامبەر مافەکانیان بکرێت.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە