سندوقە رەشەکانى فڕۆکە ئێرانییەکە دۆزرانەوە

تیمى فریاگوزارى لەکاتى هەوڵ و گەڕانەکانیان بۆ دۆزینەوەى سندوقە رەشەکان و تەرمى سەرنشینەکان

(سبەی):

ئەمڕۆ یەکشەممە تیمى فریاگوزارى ئێرانى هەردو سندوقە رەشەکەى ئەو فڕۆکەیەى دۆزیەوە کە هەفتەى رابردو کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە سەرجەم سەرنشینەکانى و تیمى فڕۆکەکە گیانیانلەدەستدا.

ئاژانسى هەواڵى فەرمى ئێران بڵاویکردەوە؛ تیمە فریاگوزارییەکانى ئەو وڵاتە دواى گەڕان و بەدواداچونە بەردەوامەکانیان هەردو سندوقە رەشەکەى ئەو فڕۆکەیەیان دۆزیەوە کە دو هەفتە لەمەوبەر و لە گەشتێکى ناوخۆییدا کەوتە خوارەوە و رادەستى رێکخراوى فڕۆکەوانى مەدەنییان کردون بۆ لێکۆڵینەوە.

ئەو فڕۆکەیە لە جۆری (ئەی تی ئار 72)ی سەر بە کۆمپانیای فڕۆکەوانی (ئاسمان) دوای (20) خولەک لە فڕینی لە فڕۆکەخانەی میهر ئابادی تارانەوە لە نزیک شاری سمیریم-ی پارێزگای ئەسفەهان دواى ئەوەى خۆى بە لوتکەى چیایەکدا کێشا کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە سەرجەم سەنشینەکانى کە بە گەشتیار و تیمى فڕۆکەکەوە (66) کەس بون گیانیان لەدەستدا.

ئەوە لەکاتێکدایە لە دەیەکانى رابردودا لە ئێران چەندین فڕۆکە کەوتونەتە خوارەوە و دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتەش هۆکارى سەرەکى بۆ ئەو سزایانە دەگەڕێننەوە کە بەسەر ئیراندا سەپێنراون و بەهۆیەوە ناتوانن فڕۆکەى نوێ هاوردە بکەن، بەڵام لەدواى رێککەوتنە ئەتۆمیەکەوە ئێران گرێبەستى لەگەڵ کۆمپانیاى ئێرباسى تایبەت بە دروستکردنى فڕۆکە واژۆکرد بۆ کڕینى دەیان فڕۆکەى نوێ.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە