لە یادی 27 ساڵەی راپەڕیندا

خالید ئەحمەد

راپەرین تەقینەوەی رق و بێزاری پەنگخواردوی چەندین ساڵەی کۆمەڵانی خەڵکی باشوری کوردستان بو بەگشتی و رانیەو دەوروبەری  بەتایبەتی دژی چەوساندنەوە و زوڵم زۆرداری لە رادەبەدەری رژێمی بەعس، دەربڕینی هەمو ئەو  ناڕەزایەتیە پەنگخواردوە بو کە پێشتر ساڵانێکی زۆر لە ناخی تاک بەتاکی خەڵكی  باشوری کوردستاندا کەڵەکە ببو تا لە رۆژی (5/3) ساڵی 1991 دا خەڵکی رانیەو دەوروبەری بەڕوی رژێمی بەعس و جەلادەکانیدا وەکو بورکان تەقینەوەو دواتر کڵپەی راپەرین سەرجەم شارو شارۆچکەکانی تری باشوری کوردستانی گرتەوە و مەشخەڵی راپەڕین لە شاری کەرکوک بەتەواوی هەڵکراو تەواوی دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس لەهەرێمی کوردستان وەدەر نران.

راپەرین باڵاترین خەباتی شۆڕشگێری جەماوەری باشوری کوردستان بو بۆ تێکشکاندنی دەسەڵاتی رژێمی بەعس بە هەمو دامودەزگاکانیەوە، لە راپەریندا هەمو خەڵک بە گەورەو بچوک و ژن و منداڵ و لاو و پیر لەهەمو کون و قوژبنێکی دەڤەرەکە وەکو لافاو و دەستە دەستە، پۆل پۆل، رژانە نێو کۆڵان و سەرشەقامەکان و دەڤەرەکە بەتەواوی لە بەعس پاککرایەوە.

لە بەهاری 1991دا خەڵک بۆ رزگاربون لەدەست زوڵم و ستەمی بەعس و بەدەستهێنانی ئازادی، ژیانێکی شایستە تر، خۆشگوزەرانی، دامەزراندنی کیانی کوردی، راپەرینی کرد، بەڵام دوای تێپەڕبونی 27 ساڵ بەسەر راپەریندا ئەو ئامانجانەی کە راپەرین هەیبو نەهاتنەدی، ئێستا خەڵک بەدەست نادادی، زوڵم، خراپی گوزەران، بێ دەرەتانی، نەبونی موچە، بێکاری دەناڵێنێت و لە سایەی دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی خۆزگە بە حوکمی رژێمی بەعسی لەناوچو دەخوازن ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە.

دوای تێپەڕینی 27 ساڵ بەسەر راپەڕیندا، بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەلایەن دەسەڵاتی شکستخواردوی کوردی جارێکی تر کورد خەریکە دەگەڕێتەوە ژێردەسەڵاتی حوکمی عێراقی، ئەو بەرهەمانەی راپەرین هەیبو خەڵک لێی سودمەند نەبو، بەڵکو تەنیا جوت حیزبەکە، یەکێتی و پارتی خواردیان و بەرپرسەکانیان بەسایەی راپەرینەوە سەروەت و سامانەکانیان گەیشتە کەشکەلانی فەلەک و خەڵکی رەش و روت و بەشمەینەتیش لەوپەڕی قەیران و بێ موچەیی و بێکاری و بێ خزمەتی و سەختی ژیان و گوزەراندا ژیانێکی پڕ کولەمەرگی و مەمرەو مەژی دەژین.

ساڵانەلە یادی راپەرینە جەماوەریەکەی 1991 بەرپرسە باڵاکانی حکومەت بەگشتی و یەکێتی بەتایبەت لەبری خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بەگشتی و دەڤەری راپەرین خەباتی شاخ و شەرعیەتی شۆڕشگێڕی دەدەنەوە بەگوێی هاوڵاتیانداو کۆمەڵێک بەڵێنی بێ بنەما بە خەڵکی رانیە دەدەن، بەڵام سەرجەم بەڵێنەکان لە 27 ساڵی رابردودا لە درۆیەکی زل و قەبە بەولاوە هیچی تر نەبون.

هەروەک رەوانشاد نەوشیروان مستەفا دەڵێت :ئێمە ساڵی 1991 راپەڕینمان کرد ، گەنجێک کە موالیدی 1991 ە ئێستا مافی دەنگدانی ھەیەو پێویستی بەوە نیە ئێمە راپەڕینی پێ بفرۆشینەوە، ئەو گەنجە ئێستا پێویستی بە ژیانی خۆش، سەفەر، ژیانێکی شەرافەتمەندانەیەو ناکرێ ئێمە تەنھا باسی مێژوی بۆ بکەین، دەبێت ھەوڵی باشکردنی ژیانی بدەین .

پێویستە لەم یادەدا دەسەڵاتداران بەخۆیاندا بچنەوەو ململانێ حیزبیەکانیان بخەنە لاوە و بیرێک لەژیان و گوزەرانی خەڵک بکەنەوەو هەوڵی باشکردن و بەروەپێشبردنی گوزەرانی خەڵکی  هەرێم بدەن، ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم بەتایبەت یەکێتی و پارتی هەر تەنها بیر لە دەسەڵاتی خۆیان و سەروەت و سامان بکەنەوە و لەوە زیاتر میللـەت پشت گوێبخەن و  بە ئارەزوی خۆیان سەر زەوی و ژێر زەوی نیشتمان بفرۆشن و یاری بەقوت و ژیانی خەڵک بکەن، ئەوا دور نیە لە داهاتودا راپەرینێکی تر هاوشێوەی راپەرینە مەزنەکەی بەهاری 1991 ئەمجارە دژی دەسەڵاتی کوردی بکرێت، چونکە بەرە بەرە و رۆژ لەدوای رۆژ رق و توڕەیی و بێزاری خەڵک لە دەسەڵاتە کوردیەکەو بەهەدەردانی سەروەت و سامانی میللەت و  گەندەڵیەکانی لە هەڵکشاندایەو زوڵمی دەسەڵات گەیشتۆتە لوتکە دور نیە پەتی ئارامی خەڵک بپچڕێت، ئەوکات هیچ شتێک ناتوانێت پێش بە رق و توڕەیی پەنگخواردوی میللەت بگرێت و دواجار کۆتایی بەدەسەڵاتی جوت حیزبی دەهێنرێت و گەندەڵ و ستەمکاران رادەماڵرێن و هاوشێوەی دیکتاتۆرە عەرەبەکان ناویان دەچێتە زبڵدانی مێژوەوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە