راپەرینەکەی ئازاری 1991 بۆچی و لەپێناو چیدا کرا؟

سیروان حەمەڕەشید

راپەڕینی (5/3)ی باشوری کوردستان بەرئەنجامی ستەمکاریی دەسەڵاتی فاشییانەی بەعسی بو، دیارە ئەمەش دەرئەنجامی کۆمەڵێک لێکەوتە و دەرهاویشتەی کەڵەکەبونی دەیان کێشەی قوڵی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیی بو لەعێراق و کوردستاندا،  بەڕادەیەک بۆ خەڵکی کوردستان  هیچ جۆرە تروسکایی و ئاسۆیەکی ئومێدبەخشیان لەبەردەمدا نەما بو.

هەلومەرجی و ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی ئەوسای عێراق گەیشتە ئاستی زەمینەی سەرهەڵدانی راپەرینی جەماوەری لەباشوری کوردستان، بێگومان دەرئەنجامی پەنگخواردنی توڕەییەکانی خەڵک گەیشتە ئاستی تەقینەوەی جەماوەری.

ئاشکرایە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا وەک سەرکردەیەکی لێهاتو و ئەزموندار و وردبینی شۆڕش، توانیی پلان و بەرنامەیەکی فرەلایەن بەمیکانزمێکی گونجاو نەخشە بۆ راپەڕینی سەرتاسەری کوردستان دابڕێژێت.

(5/3) بوە سەرەتایی شکاندنی دیواری دیکتاتۆری و گەڕانەوەی هیوا و خۆشبینی بۆ خەڵکی کوردستان، یەکەم هەنگاویش لە شاری رانیەوە بو،  مەردانە مەشخەڵی رزگاری و ئازادییان هەڵگرت و دواتر پەرەی سەند بۆ شارۆچکەی بازیان و کەرناڤاڵەکەی (7/3)ی سلێمانی و  تێکڕای کوردستان تا ئازادکردنی کەرکوک، بەڵام گەر هەڵوێستەیەک بکەین، تێدەگەین  دەسەڵاتەکەی پارتی و یەکێتی هیچ وانەیەک لە فاشیەتی بەعسی روخاو فێر نەبون، بەشێوازێکی ئێجگار مەترسیدار بەپێی قەڵەمڕەوی و سنوری دەسەڵاتییان هەمان کلتور و عەقڵییەت و سیاسەتی ملهوڕانەی بەعس لەکوردستادا پەیڕەو دەکەن.

سەرباری شکست و نوچدانی گەورەی سیاسی و ئابوری  لەسەر دەستی ئەم  دو هێزە، دەرهاویشتەکانی ئێستای هەرێم بەڵگەی حاشا هەڵنەگری ئەو راستیەیە کە دو گروپەکە بەردەوام خەریکی یارییەکی دۆڕاو بون  بەچارەنوسی کوردستانەوە، سەرقاڵی هەڕاجکردنی خاک و سامانی ژێر زەوی و وێرانکردنی روبەرەکانی ژیانی  کۆی کۆمەڵگەن، باشترین سزا بۆ دەسەڵاتە شکستحواردوەکە ئەوەیە خەڵکی کوردستان لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوی عێراق و هەرێمدا لەڕێگەی ئیرادەی دەنگدانەوە تۆڵەی خۆیان لەو لایەنانە بکەنەوه کە هەرێمیان بەم دۆحە خراپەی ئەمڕۆ گەیاند.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە