ئەمەریکا: بەهۆی تورکیاوە شەڕی دژی داعش راگیراوە

شەڕڤانانی یەپەگە

(سبەی):

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ئاشکرای دەکات، بەهۆی پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین، ئۆپەراسیۆنی وشکانی دژی داعش لە باکوری سوریا راگیراوە و شەڕڤانانی یەپەگە چونەتە عەفرین.

سایتی دەنگی ئەمەریکا بڵاوی کردوەتەوە؛ رۆبیرت مەنینگ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پنتاگۆن) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کردوە بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین، نزیکەی دو هەفتەیە ئۆپەراسیۆنی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە بەشێکی سەرەکین لە هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لە دژی داعش راگیراوە.

ئاماژەی بەوەکردوە، شەڕڤانانی یەپەگە بە مەبەستی بەرگریی لە کانتۆنی عەفرین لە رۆژهەڵاتی فوراتەوە بەرەو ئەو کانتۆنە رۆیشتون و بەمەش ئۆپەراسیۆنی وشکانی هاوپەیمانی دژی داعش راگیراوە، بەڵام فڕۆکە جەنگییەکان بەردەوام دەبن لە بۆردومانی پێگە و مۆڵگەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە.

وتەبێژی پنتاگۆن جەختی کردوەتەوە؛ ئەمەریکا رێگە نادات ئەو خاکەی لە لایەن شەڕڤانەوە رزگار کراوە جارێکی دیکە بکەوێتە ژێر دەستی داعش و بۆ ئەو بەمەستەش فڕۆکە جەنگییەکان بەردەوام دەبن لە بە ئامانجکردنی مۆڵگەکانی چەکدارانی داعش.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە