پەرلەمان (58) راوێژکارى هەیە.. موچەى پەرلەمانتارى خولەکانى پێشو (2.4) ملیار دینارە

(سبەى):

لە پەرلەمانى کوردستاندا (58) راوێژکار هەن کە موچەکانیان لەنێوان سێ بۆ هەشت ملیۆن دینار دایە و کۆى موچەى خانەنشینى پەرلەمانتارانى خولەکانى پێشوش (2) ملیار و (400) ملیۆن دینارى مانگانەیە بێ پاشەکەوت.

دواى ئەوەى لە پەرلەمانى کوردستان و بە دەنگى زۆرینە پڕۆژە یاساى چاکسازیى خانەنشینى کە حکومەت پێشکەشى کردبو پەسەندکرا و ئەوەش کاردانەوەى بەرفراوانى شەقامى لێکەوتەوە، رۆژنامەى (ئاوێنە) لە ژمارەى ئەمرۆیدا دۆسیەیەکى لەسەر موچە و ژمارەى پەرلەمانتارانى خانەنشین و راوێژکاران و موچەکانیان بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتوە؛ لە پەرلەمانى کوردستاندا (58) راوێژکار هەن کە بەسەر دەستەى سەرۆکایەتى و لیژنەکان و بەشە ئیدارییەکاندا دابەشبون و موچەکانیان لەنێوان سێ بۆ هەشت ملیۆن دینار دایە.

ئەوەشى خستوەتەڕو کە جگە لەم خولەى پەرلەمان نزیکەى (400) پەرلەمانتارى خولەکانى پێشو هەن کە موچەى مانگانەیان بێ پاشەکەوت نزیکەى دو ملیار و (400) ملیۆن دینارە، بەڵام پەرلەمانتارانى ئەم خولە بەهۆى قەیرانى دارایى و سەپاندنى سیستمى پاشەکەوتەوە موچەکانیان کەمکراوەتەوە.

هەروەک لە زارى رێباز حەسەن شارەزاى ئابورى سەر بە تیمى د. یوسف محەمەد ئاشکراى کردوە؛ سەرۆکەکانى خولەکانى پێشوى پەرلەمان مانگى وا هەبوە (400) ملیۆن دیناریان بۆ هاوکاریى خەرجکردوە، بەڵام لە سەردەمى سەرۆکایەتى د. یوسفدا هیچ کاتێک خەرجکردنى هاوکارى نەگەیشتوەتە (100) ملیۆن دینار.

ئەوە لەکاتێکدایە پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان لەکاتى پەسەندکردنى پڕۆژە یاساى چاکسازیى خانەنشینیدا دەنگیان بە موچەى پلەباڵاکان نەدا وەک ناڕەزایەتیەک بەهۆى زۆرى ئەو موچانە و جیاوازیى لەگەڵ موچەى فەرانبەراندا، دواى تێپەڕاندنى ئەو بڕگەیەش بە زۆرینەى دەنگ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا داوایانکرد سەرۆکایەتى پەرلەمان یاساکە پەسەند نەکات و بیگەڕینێتەوە بۆ هۆڵى پەرلەمان لەپێناو کەمکردنەوەى ئەو بڕە، بۆ رۆژى دواتر سەرۆکایەتى پەرلەمان پاش پشتگیرى نۆ فراکسیۆنى دیکە لە هەڵوێستەکەى فراکسیۆنى گۆڕان رایگەیاند یاساکە دەگەڕێنێتەوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە