ئەمینداری هێزەکانی ناتۆ: لە عێراق دەمێنینەوە

(سبەی):

ئەمینداری هێزەکانی (ناتۆ) رایدەگەیەنێت؛ لەسەر داوای عێراق و بە داوای نوسراوی سەرۆک وەزیران لەو وڵاتە ماونەتەوە.

دوێنێ دوشەممە، ینس ستۆلتنبێرگ، ئەمینداری گشتی هێزەکانی (ناتۆ) گەیشتە عێراق و لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران کۆبوەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ینس ستۆلتنبێرگ رایگەیاندوە؛ ئێمە لە عێراقین، ئەوەش لەسەر داوای ئەو وڵاتە، بۆیە مانەوەی ئێمە لێرە بەهیچ شێوەیەک بەبێ رەزامەندی و داوای حکومەتی بەغدا نیە، بۆ ئەو مەبەستەش داواکاری سەرۆک وەزیرانمان بە نوسراو پێگەیشتوە.

لێدوانەکەی ئەمینداری (ناتۆ) دوای چوار رۆژ لە داواکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دێت سەبارەت بە دانانی خشتەیەکی زەمەنی بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق.

ئەمینداری (ناتۆ) ئاماژەی بەوەکردوە، زیاتر لەوەی پێویستە لە عێراق نامێننەوە، هەروەها هێزەکانمان لە عێراق کە نوێنەرایەتی 19 وڵاتی لەخۆگرتوە، ئەرکەکانیان لە راهێنان بە هێزەکانی عێراق چڕبوەتەوە بەتایبەت لە بواری هەڵگرتنەوەی مین و پزیشکی سەربازی و چاککردنەوەی کەلوپەلە سەربازییەکان.

جەختی لە بەرەو پێشچونی توانای هێزەکانی عێراق کردەوە لەچاو ساڵی 2014 و وتیشی: “هاوکاری عێراق دەکەین بۆ کردنەوەی قوتابخانەو ئەکادیمیای سەربازی و کارکردن لەپێناو چاکسازی لە دامەزراوەکان و روبەڕوبونەوەی گەندەڵی”.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە