یوسف محەمەد: ریفراندۆم هەڵەیەکی گەورە بو

(سبه‌ی‌):

د. یوسف محەمەد صادق لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ (تونە ئەلیزابێس باکفۆلد) باڵێوزی نەرویچ لە ئوردن و عێراق و شاندێکی باڵوێزخانە، گفتوگۆی‌ له‌باره‌ی‌ پرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و تێکچونی هاوسەنگی سیاسی لە عێراق کرد.

لە کۆبونەوەکەدا كه‌ به‌ ئاماده‌بونی‌ ئه‌ندامانی‌ ژوری‌ دیپلۆماسیی‌ گۆڕان به‌ڕێوه‌چو، یوسف محەمەد ئاماژەی بە کۆمەڵێ پرسی گرنگی سیاسی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد و وتی: “ئێستا لە عێراقدا هاوسەنگی هێز تێکچوە، عێراق خۆی بەسەرکەوتوی جەنگ دەبینێ و دەیەوێ حوکمێکی مەرکەزی بسەپێنێ. عێراق وڵاتێکی فرەنەتەوە و مەزهەبە، دەبێ بە لامەرکەزی بەرێوە ببرێ، نەک بە مەرکەزی.

لە تەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا، یوسف محەمەد وتی: “ریفراندۆم هەڵەیەکی سیاسی گەورە بو، چونکە هەرێمی کوردستان، لەڕوی ئابوری و سیاسی و دیپلۆماتییەوە، ئامادەسازیی بۆ پرۆسەیەکی وا گەورە نەکردبو، بەداخەوە تائێستاش دەسەڵاتداران وانەیان لەو شکستە گەورەیە وەرنەگرتوە.

لەکۆتایی وتەکانیدا، داوای لەوڵاتانی ئەوروپا کرد، بەوردی چاودێریی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی بێ ساختەکاریی بەرێوەبچێت.

باڵوێزی نەرویچ، نیگەرانی خۆی لە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەربڕی و خۆشحاڵیی خۆی پیشاندا به‌وه‌ی‌ كه‌ ئێستا هەوڵێك لەئارادایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش گەشبینیی خۆی پیشاندا، کە وزە و توانای مرۆیی گەورە دەبینرێ بۆ بونیادنانەوە دیموکراسی.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە