دۆن؛ باڵادەستى پاڵەوانەکان .. نامەى نیمار بۆ هاوڕێکانى

(سبەی):

دواى بردنەوەى یانەى شاهانەى ئیسپانى بەئەنجامى دو گۆل بەرامبەر تاکە گۆڵێک لە یاریگاى باخچەى میرەکانى پاریس و باڵادەستى رۆناڵدۆ بە شکاندنى ریکۆردەکان، نیمار داسیلڤاى بەرازیلى و یاریزانى یانە پاریسیەکە نامەیەک بۆ هاوڕێکانى دەنوسێت.

شەوى رابردو پێچەوانەى چاوەڕوانیەکان و ویستى یاریزان و بەرپرسان و هەوادارانى یانەى پاریس سان جێرمان، یانە پاریسیەکە نەک نەیتوانى ریمۆنتادا بکات بەڵکو بە دۆڕاندنێکى دیکەوە لە یارى گەڕانەوەدا ماڵئاوایى لە خولى یانە پاڵەوانەکان کرد.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەربارى جۆش و خرۆشى هاندەرانى خانەخوێ توانى بە تۆمارکردنى گۆڵێک و پێشخستنى یانەکەى هانەدران بێدەنگبکات و درێژە بدات بە سەرکەوتنەکانى تۆمارکردنى ریکۆردى نوێ بەشێوەیەک؛ دۆن ئێستا خاوەنى (117) گۆڵە لە خولى یانە پاڵەوانەکان کە (102) گۆڵیانى بە درێسى ریاڵەوە کردوە و نۆ یارى لەسەر یەکیشە گۆڵ تۆمار دەکات بەوەش ریکۆردى تۆمارکردنى گۆڵى لە نۆیارى لەدواى یەک لەگەڵ ڤان نیستەلڕۆى هۆڵەندى یەکسان کردەوە.

دواى یاریەکە، نیمار داسیلڤاى بەرازیلى کە بەهۆى پێکانەوە نەیتوانى لەگەڵ هاوڕێکانى روبەڕوى ریاڵ مەدرید ببێتەوە، لە ئەکاونتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى لە تویتەر نوسى؛ دڵگرانم بەهۆى ئەم دۆڕاندنەوە، ئەوەى زیاتر نیگەرام دەکات ئەوەیە نەمتوانى لە گۆڕەپانى یاریەکەدا بەشداربم بۆ هاوکارى هاورێکانم لە یانەکەم، بەڵام شانازیش بەو هەوڵە گەورەیە دەکەم کە یانەکەم داى، بژى پاریس”.

نیمار بەهۆى ئەو پێکانەکەى لە یاری یانەکەى بەرامبەر مارسیلیا توشى هات گەڕاوەتەوە بۆ بەرازیل و نەشتەرگەرى بۆکراوە، ئەوەش ناچاری دەکات بۆ ماوەى سێ مانگ لە یاریگاکان دوربکەوێتەوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە