ئێران: توانای موشەکیمان بۆ سێ هێندە بەرزبوەتەوە

(سبەی):

بەرپرسانی ئێران رایدەگەیەنن؛ توانا موشەکییەکانی وڵاتەکەیان سێ هێندە زیادی کردوە و هیچ وڵاتێک و لایەنێک ناتوانێت رێگریی لە بەرنامە موشەکییەکانیان بکات.

جەنەڕال ئەمیرعەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی سوپاسی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندوە؛ توانای موشەکیی ئێران بۆ سێ هێندە زیادی کردوە و گوێ نادەنە هیچ وڵات و لایەنێک کە بیەوێت رێگریی لە بەهێزبونی سیستمی موشەکییەکانیان بگرێت.

حاجی زادە وتویەتی؛ ئەو یاسایەی ئێستا جیهان بەڕێوە دەبات لە یاسای دارستان خراپترە و ئەگەر هێزت نەبێت لەنیو دەبرێیت، بۆیە ئەمە لۆژیکە کە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بیر لە بەهێزبونی خۆی دەکاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە جەنەرال حسێن سەلامی، جێگری سەرۆک ئەرکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندوە کە هیچ وڵاتێک بۆی نییە رێگریی لە هێز و توانای کۆماری ئیسلامی ئێران بکات، چونکە بێ راوەستان پەرە بە بەرنامەی موشەکییەکان دەدەین.

ئاماژەی بەوە کردوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران خاوەنی جۆرێک لە پێشکەوتنی موشەکییە کە ئاسان نییە ریگریی لێبکرێت و رابگیرێت بۆیە دژی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئەوروپا دەوستێتەوە و دانوستان لەسەر کەمکردنەوەی توانا بەرگرییەکانی ئێران ناکەن.

وتەکانی ئەو بەرپرسانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتێکدایە کە رۆژی رابردو وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی ئەو وڵاتە کۆبوە و رایگەیاند نابێت  کۆماری ئیسلامی ئێران گەشە بە بەرنامە موشەکییەکانی بدات چونکە دەبێتە هۆکاری مەترسی و ئاڵۆزی لە ناوچەکە و جیهان.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە