یەپەگە: روسیا رێگەی بە تورکیا داوە پەلاماری عەفرین بدات

(سبەی):

یەپەگە رایدەگەیەنێت؛ روسیا بواری بە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا داوە پەلاماری عەفرین بدەن و بەوهۆیەوە روسیا بەرپرسە لە کۆمەڵکوژییەی لە رۆژئاوای کوردستان رودەدات.

ناوەندی راگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ روسیا بەرپرسیارە لە هەر هێرشێکی ئاسمانی تورکیا بۆ سەر عەفرین، چونکە بەرپرسیارێتی ئاسمانیی سنوری عەفرین لە ئەستۆی روسیایە.

لە بەیاننامەکەدا ئاشکرای کردوە، روسیا دوای ئەوەی ویستویەتی بڕیارەکانی خۆی بەسەر یەپەگە و بەڕێوەبەرایەتی عەفریندا بەسەپێنێت، رێگە بە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا داوە کە پەلاماری عەفرین بدەن و بەمەش بوەتە هاوبەشی تورکیا لە کۆمەڵکوژییەکانی ئەو ناوچەیە.

یەپەگە داوای لە گەلی روسیا کردوە کە فشار بخەنە سەر حکومەتەکەیان بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی بێتاوان نەبنە قوربانیی ئەو سیاسەتەی مۆسکۆ و تورکیا.

بەیاننامەکەی یەپەگە لە کاتێکدایە (47)رۆژە تورکیا لە رێگەی بۆردومان و تۆپبارانەوە پەلاماری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان دەدات و بەهۆی ئەو پەلامارانەوە تا ئێستا (221) هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە  و زیاتر لە (600)کەس بریندرابون.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە