کۆشکەکانی سەدام لە ئەعزەمییە دەکرێنە نەخۆشخانە

(سبەی):

حکومەتی عێراق، کۆشکەکانی سەرۆکایەتی سەردەمی سەدام دەکاتە نەخۆشخانەی چارەسەری توشبوانی مادە هۆشبەرەکان.

رۆژنامەی سەباحی نیمچەفەرمی عێراقی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاوی کردەوە؛ لیژنەی کۆشکەکانی سەرۆکایەتی عێراق دەستی کردوە بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچون بۆ کۆشکەکانی سەرۆکایەتی سەردەمی ژێمی سەدام و ئاماری کۆشکەکانیان لە ئەنبار و نەینەوا و سەڵاحەدین تەواوکردوە تا سودیان لێوەربگیرێت بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکان.

ئاماژەی بەوەکردوە؛ بیرۆکەی سەرەتایی ئەوەیە ئەو کۆشکانە بدرێنە پرۆژەکانی وەبەرهێنان و فەرمانگە حکومییەکان.

رۆژنامەکە لەسەر زاری ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بڵاوی کردەوە؛ بڕیاردراوە لەسەرەتادا کۆمەڵگەی کۆشکەکانی سەرۆکایەتی لە ناوچەی ئەعزەمییەی بەغدا بدرێتە وەزارەتی تەندروستی تا وەک نەخۆشخانەیەکی حکومی بۆ چارەسەری ئالودەبوانی مادە هۆشبەرەکان بەکاریبهێنێت.

لەسەردەمی رژێمی بەعسدا، دەیان کۆشکی سەرۆکایەتی بۆ سەدام حسێنی سەرۆکی پێشوتری عێراق دروستکراوە لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق و تەنها لە بەغدا (10) کۆشک دروستکراوە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە