ئەردۆغان هەوڵی دەربازکردنی بەرەی نوسرە دەدات

چەکدارانی بەرەی نوسرە لە غۆتەی رۆژهەڵات

(سبەی):

سەرچاوەیەکی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرای کرد؛ ئەردۆغان هەوڵی دەربازکردنی چەکدارەکانی بەرەی نوسرە دەدات لە ناوچەی غۆتەی رۆژهەڵاتی گەمارۆدراو.

ئیبراهیم کاڵن، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی  تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: رەجەب تەیب ئەردۆغان، پەیوەندی بە ڤلادیمێر پۆتنی سەرۆکی روسیاوە کردوە، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە دۆخی غۆتەی رۆژهەڵاتی دیمەشق و گرتنەبەری رێوشێتی پێویست بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و دەربازکردنی چەکدارانی بەرەی نوسرە و گروپە تیرۆریستییەکان لە غۆتە و کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی.

ئاماژەی بەوەکردوە؛ گرنگی دەربازکردنی چەکدارانی گروپە چەکدارە جیهادییەکان ئەوەیە، کە بیانو بەدەست رژێمی سوریاوە نامێنێت بۆ بۆمبارانکردنی شارۆچکەی غۆتە.

وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرای کرد؛ بۆ هەمان مەبەست ئەرۆدغان پەیوەندی بە سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆکی ئێرانەوە دەکات و ئامانجی دەرکردنی ئەو گروپانەیە لە ناوچەکە بۆ ئەوەی بیانو بەدەست بەشار ئەسەدەوە نەمێنێت بۆ گەمارۆدانی زیاتری غۆتەی رۆژهەڵات.

شارۆچکەی غۆتەی رۆژهەڵات، گەوەرترین مۆڵگەی رێکخراوە چەکدارییە جیهادییەکان لە نزیک دیمەشق و ماوەی چەند هەفتەیەکە سوپای رژێمی سوریا و هاوپەیمانەکانی گەمارۆییەکی توندیان خستوەتە سەر و بەبەردەوامی لەئاسمان و زەمیینەوە تۆپباران و بۆمبارانی دەکەن، ئەوەش نیگەرانیی و ناڕەزایەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوە مرۆییەکانی لێکەوتوەتەوە هۆشداریی دەدەن لە رودانی کارەساتێکی مرۆیی گەورە لەو شارۆچکەیە.

پیشتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەهەمانشێوە چەکدارانی بەرەی نوسرە و فەتحولشامی سەر بە قاعیدەی لەناوچە گەمارۆدراوەکان رزگارکرد و دواتر لەناو خاکی تورکیا لەژێر ناوی سوپای ئازاد دوبارە رێکیخستنەوە و بەکاریاندەهێنێت بۆ هێرش کردنە سەر کانتۆنی عەفرین و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان، و ساڵی رابردوش لەژێر ناوی قەڵغانی فوراتدا و بەبەشداریی ئەو چەکدارانە دەستی بەسەر ناوچەکانی باب و جەرابلوسدا گرت و رێگریی کرد لە پێکەوەبەستنی هەرسێ کانتۆنەکەی رۆژئاوای کوردستان.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە