”بانکی کوردستان ده‌ستی بەسەر دو ملیۆن دۆلاری پرۆژه‌یه‌کی ستراتیژیدا گرتوە”

(سبەی):

عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات؛ بانکی کوردستان ماوەی زیاتر لە (18) مانگە دەستی بەسەر زیاتر لە دو ملیۆن دۆلاری پارەی پڕۆژەیەکی ستراتیژیدا گرتوە.

بەپێی ئەو نوسراوانەی عەلی حەمە ساڵح بڵاویکردوەتەوە، ماوەی پێنج ساڵە پارە بۆ پڕۆژەکە تەرخانکراوە و ماوەی سێ ساڵیشە فەرمانی جێبەجێکردنی هەیە، بەڵام بانکی کوردستان ماوەی (18) مانگە دەستی بەسەر پارەکەدا گرتوە و خەرجی ناکات.

کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی رێگای خێرای نێوان (باشماخ – پێنجون) لەگەڵ دو یەکتربڕ، لەرێگەی دادنوسی هەولێرەوە لە رۆژی (21/2/2018) هۆشداری ئاڕاستەی بانکی کوردستان کردوە کە تێیدا هاتوە “لە رێککەوتی (16/3/2014) کۆمپانییاکەیان لەو پرۆژەیە دەستبەکار بوە کە پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی پارێزگای سلێمانیە و بەپێی خاڵی حەوتمی گرێبەستەکە، پێویستە پێشینەی پرۆژەکە لە یەک ملیار دینار کەمتر نەبێت بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەرێزتان وەکو بانکی کوردستان بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی، زیانێکی گەورەتان بە پرۆژە و کۆمپانیاکە و بەرژەوەندی گشتی گەیاندوە.

ئەوەش هاتوە “بودجەی پرۆژەکە بەپێی نوسراوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران/ ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و غاز، لە (24/7/2013) دابنیکراوە و لە هەژمارێکی تایبەت بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنە بە ژمارە (5000113) لە بانکی بەرێزتان. بۆیە ئاگادارتان دەکەینەوە لەماوەی حەوت رۆژدا لەدوای گەیشتنی ئەم هۆشدارییە، شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکە خەرج بکەن کە بەتێکڕا دەکاتە دو ملیار و پێنج سەد و سی و یەک ملیۆن و سێ سەد و دوهەزار و نەوەد و پێنج دینار، بەچوار چەکی جیاواز کە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە دراوە بە کۆمپانیاکەمان، بەپێچەانەوە رێکاری یاسایی دەگرینە بەر و داوای یاساییتان لەسەر تۆمار دەکەین”.

لەلایەکی دیکەوە ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە نامەیەکدا لە رێککەوتی (19/2/2018) ناڕەزایەتی بازرگانانی ژورەکەی ئاڕاستەی جێگری سەرۆکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردوە کە بانکی کوردستان بوەتە هۆی پەخستنی جێبەجێکردنی پرۆژەکە، لەکاتێکدا پارەی پرۆژەکە بە کاش دابینکراوە و لەبانکی کوردستانە، بەڵام بانکەکە خەرجی نەکردوە.

هەرروەها عەلی حەمە ساڵح ئاماژەی بەوەکردوە، پێشتریش چەندین پرۆژە پارەی بۆ تەرخانکراوە و چوەتە ئەو بانکەوە کە خاوەنەکەی خزمی سەرۆکی حکومەتە، بەڵام چارەنوسیان نادیارە و ئەم دۆسییەیەش رەوانەی دادگا کراوە.

 

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە