ئاماری (47) رۆژی بەرخۆدانی عەفرین

شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە لە عەفرین

(سبەی):

راگەیاندنی هەسەدە ئاماری شەڕو پێکدادان و قوربانیانی شەڕی (47) رۆژی عەفرینی بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە (1588) سەرباز و میلیشیای تورکیا کوژراون و (227) هاوڵاتی مەدەنی و (283) شەڕڤان شەهید بون، تەندروستی عەفرینیش ئامارە پشتڕاست دەکاتەوە.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئاماری شەڕو روبەڕوبونەوەی (47) رۆژی بەرخۆدانی عەفرینی بڵاوکردەوە، کە لە سەعات پێنجی ئێوارەی رۆژی (20)ی کانونی دوەمی (2018)ەوە سوپای تورکیا و بە پشتیوانی میلیشیاکانی سوپای ئازاد بۆ سەر کانتۆنی عەفرین دەستی پێکردوە و سەرەڕای بریاری ژمارە (2401)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەڵام، هێرش و پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین بەردەوامە.

ژمارەی شەهیدان

بەپێی ئامارەکە، لەماوەی (47) رۆژی پەلامارەکانی تورکیادا (283) شەڕڤان شەهید بون و هەرەوەها بەهۆی تۆپبارانی تۆپخانە و فڕۆکەکانی تورکیاوە (651) هاوڵاتی مەدەنی برینداربون کە (180)یان ژن و منداڵن و (227) هاوڵاتی مەدەنی شەهید بون کە (60)یان ژن و منداڵن.

زیانەکانی تورکیا

هەسەدە، ئاشکرای کردوە، لەئەنجامی شەڕو روبەڕوبونەوەکان و ژمارەیەک چالاکی شەڕڤانانەوە، (1588) سەربازی تورکیا و چەکداری میلیشیاکانی سوپای ئازاد کوژراون و ژمارەیەکیشیان تەرمەکانیان لەبەرەکانی شەڕدا بەجێماوە.

هێرشی ئاسمانی

لەماوەی (47) رۆژی رابردودا، فڕۆکەکانی تورکیا (1026) هێرشی ئاسمانیان کردوەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی کانتۆنی عەفرین و بەشێکی زۆری هێرشەکان ناوچەکانی نیشتەجێبون و قوتابخانە و مزگەوت و پرۆژەکانی ئاو و پرۆژە کشتوکاڵییەکانی کردوەتە ئامانج و هەروەها (56) هێرشیش لەڕێگەی هەلیکۆپتەرەکانی تورکیاوە ئەنجامدراوە.

موشەکباران

بەپێی ئامارەکەی هەسەدە، لەو ماوەیەدا سوپای تورکیا و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە بە چەکی قورس و زەمینی (3307) هێرشیان ئەنجامداوە و بەبەکارهێنانی تانک و دەبابە و چەکی قورس.

پێکدادانی روبەڕو

لەسەرەتای دەست پێکردنی پەلامارەکانی تورکیاوە بۆ سەر کانتۆنی عەفرین، (643) روبەڕوبونەوەی چەکداریی سەخت رویانداوە و تائێستا ئەنجامی (176) لەو شەڕانە ئاشرا نەبون کە چەند کوژراو و برینداری لەریزەکانی تورکیادا لێکەوتوەتەوە.

خستنەخوارەوەی فڕۆکە

بەپێی ئامارەکەی هەسەدە؛ شەڕڤانان توانیوانە دو هەلیکۆپتەری سوپای تورکیا بخەنە خوارەوە کە یەکێکیان جۆری کوبرا بوە و یەکێکیان جۆری سکۆرسکی نەفەرهەڵگر بوە و بەهۆیەوە (11) ئەفسەر و سەربازی تورکیا کوژراون و هەروەها دو فڕۆکەی چاودێریی خراونەتە خوارەوە کە کێکیان جۆری دڕۆن و ئەوی دیکەیان بەیرەقدار بوە.

لەگەڵئەوەشدا، دو هەلیکۆپتەری دیکەی جۆری کوبرا لەلایەن شەڕڤانانەوە کراونەتە ئامانج و زیانی زۆریان پێگەیەندراوە.

تێکشکاندنی تانک و دەبابە

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاشکرای کردوە؛ لەماوەی (47) رۆژی بەرخۆدانی سەردەم لە عەفرین (96) تانک و زرێپۆش و دەبابە و ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕو ئۆتۆمبێلی سەربازیی تێکشکێنراون و بەتەواوەی سوتاون و (32) تانک و دەبابەش زیانیان بەرکەوتوە و لەکارخراون.

ئاماری تەندروستی عەفرین

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستەی تەندروستی عەفرین لە راگەیەندراوێکدا ئاماری قوربانیانی عەفرینی بڵاوکردەوە، کە تائێستا (227) هاوڵاتی مەدەنی شەهید بون و (651) کەسی دیکە بەهۆی هێرش و پەلامارەکانی تورکیاوە برینداربون.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە