ناتۆ لە کڕینی (S400) ی روسی لەلایەن تورکیاوە هاتە دەنگ

سیستمی بەرگریی ئێس 400ی روسی

(سبەی):

بەپرسی کاروباری سەربازیی پەیمانی ناتۆ ناڕەزایەتی خۆی پیشانداوە بەرامبەر بە کڕینی سیستمی دژە موشەکی روسیا لەلایەن تورکیاوە.

پیتەر پاول، بەرپرسی کۆمیتەی سەربازیی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) بە گۆڤاری (Breaking Defence)ی راگەیاندوە؛ کڕینی سیستمی موشەکی (ئێس 400)ی روسی لە لایەن تورکیا لەگەڵ سیاسەتی گشتی و سەربازیی ناتۆ ناگونجێت و هەر بەمهۆیەوە ئەو سیستمە لە چوارچێوەی سیتمی بەرگریی سەربازیی ناتۆدا جێگیر ناکرێت.

بەرپرسەکە رونی کردوەتەوە بۆ ئەوەی تورکیا بتوانێت ئەو سیستمە بەکار بهێنیت، دەبێت زۆربەی زانیارییە سەربازییەکانی ناتۆی تێدا تۆمار بکرێت و ئەمەش جێگەی نیگەرانی ئەندامانی ناتۆیە.

رونی کردوەتەوە فەرماندە و بەرپرسانی روسیا دەبێت ئەرکی مەشق و راهێنانی فەرماندەکانی تورکیا لە ئەستۆ بگرن بۆ راهێنان لەسەر سیستمی (ئێس 400)، بۆیە گومانەکانی ناتۆ سەبارەت بە پارێزراوبونی زانیارییە سەربازییەکانی لە تورکیا زیاتر دەبێت.

وتەکانی بەرپرسی کاروباری سەربازیی ناتۆ لە کاتێکدایە کە تورکیا لە ماوەی رابردودا دو سیستمی بەرگریی (ئێس 400)ی روسی کڕیوە و میدیاکانیش پیشبینی ئەوەیان دەکرد ئەمەریکا وەک یەکەم کاردانەوە گەمارۆ بخاتە سەر ئەنکەرە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە