تورکیا عەفرین بێ ئاو دەکات

بۆردومانی کانتۆنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە

(سبەی):

تورکیا تۆپباران و بۆردمانی شوێنی پاڵاوتنی ئاوای خواردنەوەی عەفرین دەکات و بەهۆیەوە ئاوی سەرتاسەری ئەو کانتۆنە دەبڕدرێت، هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی ژمارەیەک گوند و ناوچە بۆردومان دەکەن.

ماوەی (48) رۆژە تورکیا و میلیشیاکانی سوپای ئازادی سەر بەو وڵاتە، بە تۆپباران و بۆردومان کردن پەلاماری کانتۆنی عەفرین دەدەن و بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهۆی ئەو پەلامارانەوە ئاوی خواردنەوەی شاری عەفرین بەتەواوەتی بڕا.

نوری شێخۆ، هاوسەرۆکی شارەوانی ناوەندی عەفرین رایگەیاند؛ بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانەکانی تورکیا بۆ سەر پاڵاوگای ئاوی خواردنەوەی شارەکە، زیانی زۆر بە پاڵاوگەکە گەیشتوە لە ئێستادا ئاوی خواردنەوەی ناوەندی شاری عەفرین راگیراوە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ چارەسەر و گەیاندنی ئاوی خواردنەوە.

ئاشکرای کردوە بەهۆی ئەوی شەڕ و پێکدادان لە دەوروبەری پاڵاوگەکە رویداوە، زیانی زۆری پێگەیشتوە و ناتوانرێت ئاوی خواردنەوە بگەیەندرێتە هاوڵاتیانی ناوەندی شارەکە.

لەلایەکی دیکەوە میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاویان کردوەتەوە، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناوەندی ناوچەی جندرێس و دەوروبەری و چیای لەیلون و گوندی ترند لە ناوچەی شێراوا-ی بە چڕی بۆردومان کردوە.

ئاشکرایان کردوە کە تورکیا لەو بۆردومانانەدا چەکی قەدەغەکراوی ناپاڵم-ی بەکارهێناوە و زیانی زۆر بە ماڵ و حاڵی گوندنشینان و هاوڵاتیانی عەفرین گەیشتوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە