ترەمپ ئامادەیە بۆ کۆبونەوە

(سبەی):

دۆناڵد ترەمپى سەرۆکى ئەمەریکا ئامادەیى خۆى نیشاندا بۆ کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکى کۆریاى باکور کە بە “دیکتاتۆرە گەنجەکە” ناودەبرێت، لە ئەگەرى ئەنجامدانیشدا کۆبونەوەکە بە مێژویى وەسف دەکرێت ئەوەش بەهۆى ناکۆکییە درێژخایەنەکەى نێوان هەردو وڵات.

چونگ یوى، بەڕێوەبەرى نوسینگەى ئاسایشى نیشتیمانى کۆریاى باشور لە کۆشکى سپیەوە لە ئەمەریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان ئاشکراى کرد؛ دواى ئەنجامەکانى کۆبونەوەى بەرپرسانى کۆریاى باکور و باشور و ئەگەرى بەدەمەوەهاتنى کیم جۆنگ ئۆنى سەرۆکى کۆریاى باکور بۆ هەڵپەساردنى تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان، ترەمپ ئامادەیى نیشانداوە بۆ ئەنجامدانى کۆبونەوەى لوتکەى نێوان هەردولا.

دواى لێدوانەکەى ئەو بەرپرسەى کۆریاى باشور، ترەمپ لە تویتێکدا ئاماژەى بەوەکرد پلان بۆ ئەنجامدانى کۆبونەوەکە دادەنرێت.

چاوەڕواندەکرێت لە ئەگەرى سەرکەوتنى هەوڵەکان، کۆبونەوەى نێوان ترەمپ و دیکتاتۆرە گەنجەکە لە ئایارى داهاتودا ئەنجامبدرێت، هەروەک بەرپرسێکى باڵاى ئیدارەى ئەمەریکا پێیوایە لە چەند مانگى داهاتودا کۆبونەوەکە ئەنجام بدرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە لەماوەى رابرودا و بەتایبەت دواى دەستبەکاربونى ترەمپ، پەیوەندیەکانى هەردو وڵات رویان لە ئاڵۆزى زیاتر کردوە و هەردو سەرۆک چەندین لێدوانى ئاگرینیان دژى یەکتر داوە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە