تورکیا دەستبەرداری کڕینی (S400)ی روسی دەبێت

(سبەی):

هۆشدارییەکانی ئەندامانی ناتۆ و بە تایبەت ئەمەریکا بوەتە هۆی ئەوەى تورکیا لە کڕینی سیستمی بەرگریی موشەکی روسیا پەشیمان ببێتەوە.

باڵیۆزی تورکیا لە روسیا بە تۆڕی هەواڵی ئینتەرفەکس-ی راگەیاندوە؛ ئەنکەرە هیچ بڕیارێکی نەداوە بۆ کڕینی سیستمێکی بەرگریی دیکەی روسیا جگە لەو دو سیستمە (ئێس400)ی کە لە رابردودادا کڕیویەتی.

لێدوانەکەی بالیۆزی تورکیا لە روسیا لە کاتێکدایە ئەمەریکا و وڵاتانی ئەندامی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی(ناتۆ)هۆشدارییان داوەتە بەرپرسانی ئەنکەرە لە بەرامبەر کڕینی سیتسمی (S400) لە مۆسکۆ.

تورکیا پاش یەک ساڵ دانوستان لەگەڵ روسیا دو سیستمی بەرگریی موشەکی جۆری (S400)ی بە پێی رێککەوتنێک لەگەڵ مۆسکۆ وەرگرت، بەڵام ئەمە کاردانەوەی توندی ئەمەریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆی لێکەوتەوە و پیتەر پاول، بەرپرسی کۆمیتەی سەربازیی (ناتۆ) بە گۆڤاری (Breaking Defence)ی راگەیاندوە؛ کڕینی سیستمی موشەکی (ئێس 400)ی روسی لە لایەن تورکیا لەگەڵ سیاسەتی گشتی و سەربازیی ناتۆ ناگونجێت و هەر بەمهۆیەوە ئەو سیستمە لە چوارچێوەی سیتمی بەرگریی سەربازیی ناتۆدا جێگیر ناکرێت.

پاول رونی کردوەتەوە فەرماندە و بەرپرسانی روسیا دەبێت ئەرکی مەشق و راهێنانی فەرماندەکانی تورکیا لە ئەستۆ بگرن بۆ راهێنان لەسەر سیستمی (ئێس 400)، بۆیە گومانەکانی ناتۆ سەبارەت بە پارێزراوبونی زانیارییە سەربازییەکانی لە تورکیا زیاتر دەبێت.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە