(سبەی):
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، کۆمەک و ھاوکاری بەسەر ئاوارە گەڕاوەکانی ناو قەزای خورماتودا دابەش دەکات ھاوکارییەکان بۆ ئەو ئاوارانە بەردەوام دەبێت کە تائێستا نەگەڕاونەتەوە شارەکەیان.
نوسینگەی رۆژنامەوانی دەرباز محەمەد، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە؛ بڕی (215) تەن ھاوکاری خۆراکی و ناخۆراکی بەسەر ئەو ئاوارانەدا دابەش کردوە کە گەڕاونەتەوە بۆ ناو شاری خورماتو و دەوربەری.
ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە؛ سەرجەم ئەو کەسانەی کە لە شاری خورماتو بەھۆی روداوەکانی مانگی ئۆکتۆبەرەوە شارەکەیان بەجێھێشتوە، بە ئاوارە تۆمار كراون و وەزارەتەکە پرۆسەی تۆمارکردنی ئاوارەکانی تەواو کردوە.
نوسینگەی وەزیری کۆچ، داوا لەو خێزانانە دەکات کە تا ئێستا ناویان تۆمار نەکردوە، سەردانی نوسینگەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بکەن لە سلێمانی و ھەولێر و گەرمیان بۆ ئەوەی ناویان تۆمار بکرێت.
ھاوکات بەپێی ئامارەکانی نوسینگەی پارێزگای سلێمانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، تا ئێستا زیاتر لە (1600) تەن پێداویستی خۆراکی و پزیشکی گەیەندراوەتەوە ئاوارەکانی شاری خورماتو لە کەمپەکانی گەرمیان و سلێمانی.
ئەو ھاوکارییانە لە چوارچێوەی ئەو چالاکیانەدایە بۆ کە خزمەتی ئاوارەکانی خورماتو دەکرێت و جیا لە ھاوکارییەکانی وەزارەت، دەرباز محەمەد لە روداوەکانی مانگی ئۆکتۆبەرەوە داوای ئاسایی کردنەوەی دۆخی خورماتو دەکات و لەچەند کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا داوای لە سەرۆک وەزیران کردوە ھەنگاوی بەپەلە بنرێت بۆ ئاسایی کردنەوەی گەڕانەوەی دانیشتوانی خورماتو بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.