ئەردۆغان؛ بۆ شەڕی عەفرین داوای هاوکاریی لەناتۆ دەکات

(سبەی):

ئەردۆغان، داوای هاوکاریی و پشتیوانی لە ناتۆ دەکات، بۆ بەردەوامی دان بە هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر عەفرین.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی لە کۆبونەوەیەکی لایەنگرانی پارتەکەی لە مێرسین، داوای هاوکاریی لەناتۆ کرد و رایگەیاند: ناتۆ تۆ لەکوێیت بۆ هاوکارییمان ناکەیت لە پاراستنی سنورەکانمان لەگەڵ سوریا، تکایە وەرن بۆ سوریا ئایا ئێمە بەشێک نین لەئێوە تا هاوکارییمان بکەن لە پاراستنی سنورەکانمان.

سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنەی کە بەناوی چڵەزەیتونەوە بە هاوکاریی میلیشیاکانی سوپای ئازادی سوریا دەستی پێکردوە، ئەردۆغان رایگەیاند: ئامانجیان ئەوان پاراستنی سنورەکانیان لە “هەڕەشەی تیرۆر” و وتیشی :”دوای عەفرین مەنجبەج و گرێسپی و کۆبانی و قامیشلۆش پاکدەکەینەوە لە پەکەکە و پەیەدە”.

بەوتەی ئەردۆغان، نزکەی (900) کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە خاکی عەفرین داگیرکردوە و ئامانجیان ئەوەی (2000)کیلۆمەتری خاکی عەفرین دەست بەسەردابگرن.

لە رۆژی (20)ی کانونی دوەمی ئەمساڵەوە، سوپای تورکیا و میلیشیاکانی سوپای ئازادی سوریا هێرش و پەلامارەکانیان بۆ سەر کانتۆنی عەفرین دەست پێکردوە و بەهۆیەوە تائێستا ناوچەیەکی بەرفراوانی ئەو کانتۆنە وێران بون و نزیکەی (290) هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبون و (650) کەسی دیکەش برینداربون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە