لە رۆژئاوا و ئەوروپا خۆپیشاندان بۆ پشتیوانیی‌ عەفرین ساز کرا

(سبەی):

پەلامارەکانی تورکیا و چەکدارانی بۆ سەر كانتۆنی‌ عەفرین چڕتر بونەتەوە و شەوی رابردو لە چەندین ناوچەی رۆژئاوای کوردستان و باشوری کوردستان و شارەکانی ئەوروپا خۆپیشاندا لە دژی ئەو پەلامارانە بەڕێوەچو.

شەوی رابردو لە عەفرین چالاکی ئێشکگریی بۆ بەرخۆدان لە دژی پەلاماری تورکیا بەڕێوەچو و هاوکات لە چەندین شار و شارۆچکەی کانتۆنەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان خۆپیشاندان ئەنجام درا و دروشم دژی ناتۆ و روسیا وترانەوە.

هاوکات لەگەل خۆپیشاندانەکانی شەوی شەممە لە (دێرک، گرکێلەگ، قامیشلۆ، کۆبانێ) و لە چەندین شاری ئەوروپا بە مەبەستی ئیدانەکردنی پەلامارەکانی تورکیا، خۆپیشاندان و چالاکی بەڕێوەچو و دروشم دژی بێدەنگی وڵاتانی ئەروپا لە بەرامبەر تورکیا وترانەوە.

هەر به‌ مەبەستی پشتیوانیی لە عەفرین، لە شاری سلێمانی و قەڵادزێ و کەلار هاوڵاتیان رژانە سەر شەقامەکان و دروشم دژی تورکیا و چەکدارنی وترایەوە.

رەوەندی کوردیش لە ئەروپا بە مەبەستی پشتیوانی لە بەرخۆدانی عەفرین لە شەش شار و شارۆچکەی وڵاتی سویسرا رژانە سەر شەقامەکان و دروشمی پشتیوانیان بۆ رۆژئاوای کوردستان دەربڕی و ئیدانەی پەلامارەکانی تورکیایان بۆ سەر عەفرین کرد.

لە وڵاتی ئەڵمانیاش هاوشێوەی سویسرا، رەوەندی کوردی لە چەند شار و شارۆچکەیەکی ئەو وڵاتە رژانە سەر شەقامەکان و بە توندی ئیدانەی پەلامارەکانی سوپای تورکیا و چەکدارانیان کرد بۆ سەر عەفرین و داوایان لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کرد رێگری لە کۆمەڵکوژیی خەڵکی عەفرین و رۆژئاوای کوردستان بگرن.

لە لایەکی دیکەوەی رەوەندی کوردی لە ئوسترالیا بە گردوبونەوەیەک ئیدانەی پەلامارەکانی تورکیا و بێدەنگی وڵاتانی ئەندامی ناتۆیان کرد کە هۆکارێکن بۆ کوشتنی خەڵکی بێتاوان لە عەفرین.

رەوەندی کوردی لە وڵاتی بەریتانیاش رژانە سەرشەقام و لە لەندەنی پایتەخت خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران و چالاکوانان چونە بەردەم بینای تەلەفزیۆنی (بی بی سی) و ئیدانەی بێدەنگیی حکومەتی بەریتانیایان کرد لە بەرامبەر پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە