“بۆ شاردنەوەی شکستەکانی ناوخۆ و عەفرین ئەردۆغان شەڕ بە یۆنان دەفرۆشیت”

(سبەی):

بەهۆی بەزاندنی سنوری ئاسمانی و ئاویی یۆنان لە لایەن تورکیاوە، پەیوەندیی ئەو دو وڵاتە بەرەو گرژیی زیاتر دەچێت و بەرپرسێکی حكومه‌تی‌ ئەسیناش دەڵێت: ئەردۆغان بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانی لە عەفرین و ناوخۆی وڵاتەکەی، دەیەوێت کێشە بۆ یۆنان دروست بکات.

پانۆس کامێنۆس وەزیری بەرگریی یۆنان بە رۆژنامەی (لیبراسیۆن)ی فەرەنسای راگەیاندوە کە تورکیا بەشێوەیەکی بەرفراوان سنورە ئاسمانی و ئاوییەکانی یۆنان پێشێل دەکات و ئەسینا ناچار دەکات لە شەڕێکی نەخوازراوەوە بگلێت.

ئاماژەی بەوەشداوە کە هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا رۆژانە سنورەکانی ئەو وڵاتە دەبەزێنن و ئەمەش وەک حاڵەتێکی هاندانی یۆنانە بۆ شەڕێکی نەخوازراو.

کامێنۆس وتویەتی: رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ئەوەی کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی و شکستی سوپای‌ وڵاته‌كه‌ی‌ لە عەفرین بشارێتەوە، مەبەستییەتی یۆنان توشی شەڕێکی نەخوازراو بکات کە ئاکامەکانی بۆ هەر دو وڵات مەترسیدار و وێرانکەر دەبێت.

وەزیری بەرگریی یۆنان داوای لە یەکێتی ئەروپا کردوە کە رێگریی بکەن لە بەزاندنی سنورەکانی یۆنان لە لایەن تورکیاوە، چونکە پێشێلکردنی سنوری یۆنان واتای بەزاندنی سنورەکانی گشت ئەروپایەوە و ئەگەر شەڕ لە نێوان دو وڵاتی ئەندامی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) رو بدات، زیانی زۆر بەسەرجەم وڵاتانی ئەروپا و تورکیا دەگات.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە