(سبه‌ی):
رۆژنامه‌ی (حه‌یات)ی له‌نده‌نی له ژماره‌ی ئه‌مڕۆیدا بڵاویكردوه‌ته‌وه كه به‌غدا و هه‌ولێر گه‌یشتونه‌ته لێكتێگه‌یشتن له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه كه دانوستانه‌كان له‌وباره‌یه‌وه به فشاری ئه‌مه‌ریكا و ولاتانی ئه‌وروپی ئه‌نجامدراون.
رۆژنامه‌كه له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسییه‌وه بڵاویكردوه‌ته‌وه، “به‌درێژایی هه‌فته‌ی رابردو دانوستانی چڕ‌وپڕ له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدراون له‌نێوان لیژنه سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر و هه‌ردولاش گه‌یشتنه رێكه‌وتنی سه‌ره‌تایی له‌باره‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان و هه‌روه‌ها دابه‌شكردنی موچه‌ی كارمه‌ندانی هه‌رێم”.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ته‌ئكیدیشیكردوه‌ته‌وه كه ئه‌و دانوستانانه به‌فشاری ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ئه‌وروپی ئه‌نجامدراون به‌تایبه‌ت پاش بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌تی عێراق بۆ درێژكردنه‌وه‌ی داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم بۆ ماوه‌ی سێ مانگی دیكه كه توڕه‌یی و ناڕه‌زایی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا له شه‌قامی كوردی و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی.
به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه، به‌غدا خوازیاره نوێنه‌رانی ده‌زگای هه‌واڵگری و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی فیدراڵ له‌ناو فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم بونیان هه‌بێت و هه‌روه‌ها دانوستانه‌كانیش تایبه‌تن به یه‌كخستنی شێوازی هاتنه‌ناوه‌وه‌ی گه‌شتیاران له‌ڕێی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمه‌وه كه هاوشێوه‌ی شێوازی هاتنه‌ناوه‌وه‌ی گه‌شتیاران بێت له فڕۆكه‌خانه‌كانی تری عێراق.