تا کۆتایی تەمەنی دەتوانێت بە سەرۆک بمێنێتەوە

(سبەی):

بە زۆرینه‌ی‌ دەنگی ئەندامانی کۆنگرەی گه‌لیی‌ چین کە زۆربەیان ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستن، سنورداربونی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری هەڵوەشایەوە و بە پێی یاسایه‌كی‌ نوێ سەرۆکی ئێستا دەتوانێت تا کۆتایی تەمەنی لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە کۆنگرەی گەلی چین پرۆژە یاسایەکی نوێی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی بە کۆی دەنگی (2958) له‌ كۆی‌ (3000) ئەندامی گۆنگرە پەسه‌ند کرد و بە پێی پرۆژە یاساکەش چیتر تەمەن و ماوە و خولی سەرۆکایەتی لەو وڵاتە سنوردار نابێت.

بەپێی دەستوری ساڵی (1990)، لە وڵاتی چین هیچ کەسێک بۆی نەبوە لە دو خولی پێنج ساڵی زیاتر خۆی بۆ سەرۆکایەتی وڵات بپاڵێوێت و شین جین پینگ، سەرۆکی ئێستای چین کە لە ساڵی (2013)وه‌ بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردراوە، بەپێی دەستور تەنها دەیتوانی تا ساڵی (2023) وەک سەرۆک بمێنێتەوە، کە بەپێی پرۆژەیاسا نوێیه‌کەی کۆنگرەی گەلی چین، دەتوانێت تا کۆتایی تەمەن وەک سەرۆک خۆی بپاڵێوێت.

کۆنگرەی گه‌لیی‌ چین خاوەنی (3000) ئەندامە و زیاتر ئەو رێنمایی و بڕیارانە دەکاتە پڕۆژەیاسا کە لەلایەن حیزبی کۆمۆنیست لەو وڵاتەوە ئاراستە دەکرێت.

لە تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی رابردودا حیزبی کۆمۆنیستی چین، پەیڕەو و پرۆگرامی خۆی لەسەر بنەمای هزر و ئایدۆلۆژیای شی چین پینگ-ی سەرۆکی ئێستا هەموارکردوە و پلەکەی گەیاندە ئاستی ماو تسی تۆنگ-ی دامەزرێنەری حیزبەکە و بەو پێیەش هەوڵی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیان خستە پرۆژەی کاری گۆنگرەی ئەو وڵاتەوە و دواجار ئەمڕۆ ئەو پرۆژەیاسایە بە دەنگی (2958) ئەندام پەسه‌ند کرا، تا سەرۆکەکەیان بتوانێت بۆ هەمیشە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری چین بپاڵێوێت.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە