ئەوانەی راپەڕینیان دزی

کاوە محەمەد

بەبۆنەی یادی راپەڕینی هەولێرەوە

چەندین ساڵە مانگی ئادار پڕدەکرێ لە دەستەواژەی (ئازادکردن) و شار بە شار و شارۆچکە بە شارۆچکەی کوردستان یادی (ئازادکردنێک)یان دەکرێتەوە کە بەهۆی سیاسەتی شکستخواردوی نوخبەیەکی سیاسی تەماعکار و بێ سەواد، ئەو دەستەواژەیە لەمانا راستەقینەکەی بەتاڵکرایەوە و ئەو خەڵکەی کە (۲۷) ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە دژی رژێمی بەعس راپەڕین، ساڵانە لەو یادەدا لەجیاتی خۆشی و شادی، بێزاری و توڕەیی و بگرە پەشیمانیش سیما و دەرونیان دادەگرێت.
بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ لەسایکۆلۆژیای دەستە جەمعی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە روداوی راپەڕین بەدیدەکرێت، لە جیاتی ئازادکردن، داگیرکردنەوەیەکی دیکە و لە جیاتی عەدالەت ستەمێکی دیکە و لە جیاتی خۆشبەختیش بەدبەختییەکی دیکەیە و یەخەی کوردی گرتوە.
بۆیە ئەوانەی ساڵانی پێشو و ئێستاش شاشەی تیڤییەکان و روپەڕی رۆژنامەکان سیخناخ دەکەن لە یادکردنەوەی راپەڕین و (۲۷) ساڵە لە جیاتی دەستکەوت دەسکەنە بکەن، شکست کەڵەکە دەکەن، لە راستیدا ئەوانە خاوەنی راپەڕین نین، بەڵکو ئەوانە هەر ساڵە و جوانییەکیان لە راپەڕین داماڵیوە، تا راپەڕین و تەواوی کوردایەتیشیان وەک خۆیان ناشیرین و نابوت کرد.
بۆیە ئەو نوخبە سیاسییە دەسەڵاتدارە، راپەڕین و ئومێد و خەونیان لەخەڵک دزیوە، نەک خاوەن و (پاڵەوان)ی راپەڕین بن.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە