ئیمارات؛ پێشنیازی نوێکردنەوەی مزگەوتەکەی بەغدادی دەکات

منارەی حەدبا و مزگەوتی نوری، پێش تەقاندنەوەی لەلایەن داعشەوە

(سبەی):

حکومەتی ئیمارات، نیازی خۆی نیشان دەدات بۆ نوێکردنەوەی منارەی حەدبا و مزگەوتی نوری لە موسڵ.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، لەسەردانێکی حەسەن ئەحمەد شەحی، باڵیۆزی ئیماراتی عەرەبی بۆلای حەیدەر عەبادی، بەفەرمی پێشنیازی کردوە ئەرکی نۆژەنکردنەوە و بونیاتنانەوەی منارەی حەدبا و مزگەوتی نوری موسڵ لەئەستۆ بگرن، کە دو رەمزی گرنگی شارەکەن و بەهۆی شەڕی کۆنترۆڵ کردنەوە موسڵەوە وێران بون.

ئاماژەی بەوەکردوە؛ پێشنیازەکە لەلایەن شێخ محەمەد زایدەوە کراوە وەک دەستپێشخەرییەکی دۆستانە و بڕیارە بەمنزیکانە نێردراوێکی تایبەتی دەوڵەتی ئیمارات بگاتە بەغدا بۆ ئەو مەبەستە.

مزگەوتی نوری و منارەی حەدبا کە دەکەوێتە بەری رۆژهەڵاتی شاری موسڵەوە، لەساڵی (2017) و لەسەروبەندی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵ کردنەوەی موسڵ لەلایەن سوپای عێراقەوە، چەکدارانی داعش تەقاندیانەوە.

لەمانگی تەمموزی ساڵی (2014) و ماوەیەکی کەم دوای داگیرکردنی موسڵ، ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی داعش لەناو مزگەوتی نوری خەلافەتەکەی بەناوی “خەلافەتی ئیسلامی” راگەیاند و دواتر بوە یەکێک لەناوەندەکانی چەکدارانی داعش.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە