لە (25) شار و شارۆچکەی رۆژهەڵات خۆپیشاندان بۆ عەفرین بەڕێوەدەچێت

(سبەی):

سەرەرای رێگرییەکان، ژمارەیەک رێکخراو و چالاکی مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان بڕیارە لە تاران و شارە کوردییەکان بۆ پشتیوانی عەفرین خۆپیشاندان رێکبخەن.

بەهۆی پەلامار و مەترسیی کۆمەڵکوژی لە لایەن تورکیاوە بۆسەر عەفرین، ژمارەیەک چالاک و رێکخراوی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دوای خۆپیشاندانی پشتیوانیی بۆ عەفرین لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە خۆپیشاندانەکان لەژێر ناوی “عەفرین درێژکراوەی کۆبانێ-یە و ئەو شارە هێمای بەرگرییە و وڵاتی خۆر و زەیتونە و ئەوانە خۆشباوەڕن کە پێیان وابێت دەتوانن روناکی خۆر خامۆش بکەن” بەڕێوە دەچێت.

ئاماژە بەوە کراوە کوردانی دانیشتوی تاران-ی پایتەختی ئێرانیش ئەمڕۆ دوشەممە لە سەعات (5:00) ئێوارە هاوکات لەگەل (25) شار و شارۆچکەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ پشتیوانیی لە عەفرین.

خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ عەفرین لە کاتێکدایە کە بەرپارسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای پەلامارەکانی تورکیا بۆ عەفرین رێگەی نەداوە هاوڵاتیانی رۆژهەلاتی کوردستان پشتیوانی و خۆپیشاندانیان بۆ عەفرین و رۆژئاوای کوردستان ئەنجام بدەن.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە