ئەنجومەنی ئاسایش گفتوگۆ لەبارەی عەفرینەوە دەکات

کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش- ئەرشیف

(سبەی):

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ، ئەنجومەنی ئاسایش کۆبونەوەیەکی تایبەت بە دۆخی سوریا و جێبەجێکردنی بڕیاری ئاگربەست لەو وڵاتە و دۆخی عەفرین ئەنجام بدات.

سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویان کردەوە؛ سەعات شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ بەکاتی نیویۆرک، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان، کۆبونەوەیەکی تایبەت ئەنجام دەدات سەبارەت بە جێبەجێ کردنی بڕیاری ژمارە (2401)ی ئەنجومەنەکە، سەبارەت بە راگرتنی شەڕ بۆماوەی (30) رۆژ لە سوریا، تا کۆمەک و هاوکاریی مرۆیی بگەیەندرێتە ناوچە کارەستبارەکانی ئەو وڵاتە.

لە کۆبونەوەکەدا، ئەنتۆنیۆ گۆنترێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان راپۆرتێکی تایبەت پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات سەبارەت بە ئاستی جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەماوەی (15) رۆژی رابردودا.

بەپێی بڕیاری ژمارە (2401) کە لەلایەن کوەیت و سویدەوە داڕێژرابو، رۆژی (24)ی شوبات بەکۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش پەسەندکرا و لایەنە ناکۆکەکانی شەڕ لە سەرانسەری سوریای پابەندکرد بە راگرتنی شەڕ بۆ ماوەی (30) رۆژ، سەرەڕای بڕیارەکە رژێمی سوریا بەردەوام بو لە هێرشەکانی بۆ سەر غۆتەی رۆژهەڵات و سوپای تورکیاش بەردەوامی داوە بە هێرش و پەلامار و تۆپبارانەکانی بۆ سەر کانتۆنی عەفرین.

لە پەیامێکیشدا کە ئاراستەی خۆپیشاندەرانی رۆژئاوای کوردستان و رەوەندی کوردی کرد لە ئەوروپا، وتەبێژی کۆمسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند: دەنگ و پەیامەکانتان گەیشتوەتە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ئاسایشدا دۆخی عەفرین و هێرش و پەلامارەکانی تورکیا و کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی دەبێتە تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانی ئەنجومەنەکە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە