تاران و رۆژهەڵاتی کوردستان؛ بۆ پشتیوانی عەفرین رژانە سەرشەقام

تاران؛ بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا - خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی عەفرین 12/3/2018

(سبەی):

ئێوارەی ئەمڕۆ، هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە زۆربەی شارو شارۆچکەکان و لە تارانی پایتەخت بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی عەفرین رژانە سەر شەقامەکان.

لە شارەکانی بۆکان، مەریوان، سنە، کامیاران، مهاباد و زۆربەی شارو شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و کوردانی دانیشتوی تارانی پایتەختی ئێران، بۆ پشتگیریی لە بەرخۆدانی عەفرین و ئیدانەکردنی هێرش و پەلامارەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین رژانە سەر شەقامەکان و دروشمی پشتیوانی بەرخۆدانی عەفرین و عەفرین بەتەنها نییە و چەندین دروشمی دیکەیان بەرزکردەوە.

لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە تاران، هاوڵاتیان و کوردانی ئەو شارە گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتیان رێکخست و دروشمی پشتیوانی عەفرینیان دەوتەوە و ئیدانەی هێرش و پەلامارەکانی تورکیایان کرد.

سەرەرای رێگرییەکان، ژمارەیەک رێکخراو و چالاکی مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان بڕیاریاندا لە تاران و شارە کوردییەکان بۆ پشتیوانی عەفرین خۆپیشاندان رێکبخەن.

بەهۆی پەلامار و مەترسیی کۆمەڵکوژی لە لایەن تورکیاوە بۆسەر عەفرین، ژمارەیەک چالاک و رێکخراوی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دوای خۆپیشاندانی پشتیوانیی بۆ عەفرین لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە خۆپیشاندانەکان لەژێر ناوی “عەفرین درێژکراوەی کۆبانێ-یە و ئەو شارە هێمای بەرگرییە و وڵاتی خۆر و زەیتونە و ئەوانە خۆشباوەڕن کە پێیان وابێت دەتوانن روناکی خۆر خامۆش بکەن” بەڕێوە دەچێت.

خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ عەفرین لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای پەلامارەکانی تورکیا بۆ عەفرین رێگەی نەداوە هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانی و خۆپیشاندانیان بۆ عەفرین و رۆژئاوای کوردستان ئەنجام بدەن.

تاران؛ بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا – خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی عەفرین 12/3/2018

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە