سکرتێری نەتەوەیەکگرتوەکان، لەبارەی هێرشی سەر عەفرینەوە دەدوێت

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان

(سبەی):

لە کۆبونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ئاسایشدا، سکرتێری نەتەوە یەکگرتوەکانی رایگەیاند: سەرەڕای بڕیاری راگرتنی شەڕ، هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین بەردەوامە و بەهۆیەوە هەزاران هاوڵاتی ئاوارە بون.

سەعات شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ، کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان سەبارەت بە جێبەجێ کردنی بڕیاری ژمارە (2401)ی ئەنجومەنەکە تایبەت بە راگەیاندنی ئاگربەستی سەرتاسەریی بۆ ماوەی (30) رۆژ دەستی پێکرد، وەک بڕیاربو ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان راپۆرتێکی سەبارەت بە جێبەجێ کردنی بڕیارەکە لەماوەی (15) رۆژی رابردودا پێشکەش کرد و رایگەیاند: تورکیا پابەند نەبوە بە بڕیارەکەوە و بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر عەفرین و بەهۆیەوە هەزاران هاوڵاتی ئەو شارە ئاوارە بون.

راشیگەیاند: رژێمی سوریا و روسیاش، پابەندی بڕیاری ئاگربەست نەبون و بەردەوامن لە هێرشەکانیان و رژێمی سوریا گەمارۆی زیاتری خستوەتە سەر غۆتەی رۆژهەڵات و رێگە بەگەیشتنی هاوکاریی و کۆمەکی مرۆیی نادات بۆ دانیشتوانی گەماردراوی شارەکە.

هاوکات نیکی هالی، نوێنەری هەمیشەیی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان، رەخنەی لە روسیا گرت بەوەی دەنگی بە بڕیاری راگرتنی ئاگربەستی سەرتاسەریی داوە لە سوریا، بەڵام خۆی پێوەی پابەند نەبوە و پابەند نییە بە راگرتنی پرۆسە سەربازییەکانی لە سوریا.

هەر لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ئاسایشدا، ئەمەریکا پرۆژە بڕیارێکی دیکەی پێشنیازکرد بۆ دوبارە راگەیاندنی ئاگربەست لە سەرتاری سوریا و پابەندکردنی لایەنە شەڕکەرەکان بە راگرتنی شەڕ و روبەڕوبونەوە بۆ ماوەی یەک مانگ، بەمەبەستی گەیاندنی کۆمەک و هاوکاریی بۆ ناوچە کارەساتبار و گەمارۆ دراوەکان، بەتایبەتی لە غۆتەی رۆژهەڵات کە لە ئێستادا لەلایەن سوپای رژێمی سوریاوە دابەشکراوە بۆ دو بەشی گەمارۆدراو.

کۆبونەوەکە تائامادەکردنی ئەم هەواڵە بەردەوامە و تائێستا ئەنجومەنی ئاسایش نەگەیشتوەتە هیچ بڕیار و راسپاردەیەکی نوێ لەبارەی رەوشی سوریا.

 

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە