وتەبێژى نوسینگەى عەبادى: لە چەند رۆژى داهاتودا فڕۆکەخانەکانى هەرێم دەکرێنەوە

(سبەى):

وتەبێژى نوسینگەى حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق ئاشکراى دەکات لە چەند رۆژى داهاتودا گەشتى راستەوخۆى نێودەوڵەتى لە فڕۆکەخانەکانى هەرێمەوە لەژێر چاودێرى و سەرپەرشتی و ئیدارەدانى دەسەڵاتى فیدڕاڵیدا دەستپێدەکەنەوە.

ئەمڕۆ دوشەممە، سەعد حەدیسى، وتەبێژى نوسینگەى راگەیاندنى حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى حکومەتى عێراق لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا جەختى لەوە کردەوە لە چەند رۆژى ئایندەدا گەشتى ئاسمانى دەرەکى لە فڕۆکەخانەکانى هەولێر و سلێمانییەوە دەستپێدەکەنەوە.

حەدیسى ئاماژەى بەوەکردوە؛ کۆبونەوەکانى نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەى هەڵگرتنى گەمارۆى سەر فڕۆکەخانەکانى هەرێم یەکلابونەتەوە و بەو هۆیەشەوە لە چەند رۆژى داهاتودا کردنەوەى گەشتى نێودەوڵەتى لەو فڕۆکەخانانەوە بەپێى رێککەوتن و لەژێر چاودێرى و سەرپەرشتى و ئیدارەدانى دەسەڵاتى فڕۆکەوانى فیدڕاڵیدا رادەگەیەنرێت.

رونیشیکردوەتەوە؛ دواى کۆتایی هاتنى رێکارەکان لەلایەن ئەو فەرمانبەرانەى دەسەڵاتى فڕۆکەوانى کە سەرپەرشتى و چاودێرى مەلەفەکانى گومرگ و پاسپۆرت و  ئاسایش، فڕۆکەخانەکان دەکرێنەوە.

لەبارەى رەوانەکردنى موچەى فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن ناوەندەوە، حەدیسى وتویەتى؛ گفتوگۆ و کارى جددى لەنێوان حکومەتى فیدراڵى و هەرێم لەوبارەیەوە بەردەوامە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە